لە بەغدا خوپێشاندان دژی ناجێگیری بەهای دولار بەرێوە دەچێت
بەغدا – نۆرس پرێس
روژی چوارشەممە ژمارەیەکی بەرچاو لە خوپێشاندەران لە نزیک بینای بانکی ناوەندی عێراق لە بەغدا خوپێشاندانیان کرد، خوپێشاندەران داوایان لە حکومەتی عێراق کردکە نرخی دولار بەرامبەر بە دیناری عێراقی جێگیربکات بەو پێیەی ڕۆژانە بەرز و نزمی لە نرخی دولاردا دەکرێت.
خوپێشاندەرانی بەغدا لەسەرجەم چین و توێژەکان پێکهاتوون و ژمارەیەکی بەرچاو لەو خوپێشاندەرانەیش لە شار و شارۆچکەکانی تری عراقییەوە بەشداریان لەو خوپێشاندانەدا کردووە.
نزیکەی مانگ و نیوێکە نرخی دولار بەرز و نزمی بەخۆیەوە بینیوە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بوار و کەرتەکانی تری عێراق کردووە.
هاوڵاتیان و بەتایبەتیش فەرمانبەرانی عێراق گلەیی ئـەوە دەکەن کە بەرز و نزمی نرخی دولار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بۆیە کاریگەریەکی زۆری لەسەر دروستکردوون، مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان بە دیناری عێراقی دەدرێت، مامەڵە لە زۆر بوار و شوێنیش بە دولار دەکرێت.
شارەزایانی ئابوری پێیان وایە، بەرز و نزمی نرخی دولار بەرامبەر بە دیناری عێراقی کاریگەری زۆری لەسەر بازاڕ کردووە بەهۆی ئەوەی کە بازرگانانیش کەلوپەل لەدەرەوەی عێراق بە دولار دەکڕن و دەهێنە ناو عێراق بۆیە کاتێک نرخی دولار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرزبووەتەوە ڕاستەوخۆ نرخی پێداویستیەکانی روژانەش بەرزدەبێتەوە.