هەسەدە، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بۆ بەدواداچوونی شانەکانی داعش لە ڕەقە و تەبقە راگەیاند

ڕەقە – نۆرس پرێس

ڕۆژی چوارشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بۆ بەدواداچوونی شانەکانی  داعش لە تەبقە و ڕەقە و گوندو ناوچەکانیان دەستپێکرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئـەم ئۆپەراسیۆنە لەژێر ناوی هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوە لە شەهیدانی ڕەقە ئەنجامدرا، نزیکەی مانگێک دەبێت داعش لە ڕێگەی شانەکانیانەوە هێرشی کردبووە سەر ناوەندێکی هێزەکانی ئاسایشی لە ڕەقە وبووە هۆی گیان لەدەستدانی 6 ئەندامی هەسەدە و ئاسایش.

بەپێی سەرچاوەکان، لە نیوە شەوی ڕۆژی چوارشەممەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات ئـەو هەڵمەتەیان ڕاگەیاندووە، لەو ماوەیەدا هەڵیان کۆتاوەتە سەر دەیان خاڵ لە ڕەقەو تەبقە و کەرەما و سیرین و گوندەکانیان.

بەگوێرەی ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە، ئۆپەراسیۆنەکان بەپێی ئەو پلانەی کە بۆیان راکێشراوە بەرێوەچوونە، ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوکاری و پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە.

جێی باسە لە بیست و نۆیی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، هێزەکانی سوریای دیموکرات ئۆپەراسیۆنیان لە گوندەکانی حەسەکە و قامیشلۆی باکووری سوریا بۆ بەدواداچوونی شانەکانی چەکدارانی  داعش راگەیاندووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە : ئەحمەد عوسمان