ناوەڕاستی عێراق شوێنێکی مەترسیدارە بۆ شانەکانی داعش
هەولێر – نۆرس پرێس
توێژەر و شارەزایانی ئەمنی لە عێراق هۆکاری زۆربوونی چالاکییەکانی داعش لە هەندێک ناوچەی عێراق بۆ بەردەوامی بوونی بۆشایی ئەمنی دەگەڕێننەوە کە ئەویش بەهۆی خراپی هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدایە، بەڵام بەبۆچوونی هەندێکی دیکە، ئەم پەرەسەندنانەی داعش بۆ ئەجێندا سیاسییەکانەوە دەگەڕێتەوە.
هێزە عێراقییەکان بە شێوەی جیاجیا ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانیان دووبارەکردووەتەوە، بەڵام هێشتا دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی مانگی یەکەمی ئەمساڵیان ئاشکرا نەکردووە، بەپێی داتای جیاجیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە 20 ئەندامی ئەو ڕێکخراوە دەستگیرکراون و 10ی دیکەش کوژراون.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندووە، کۆی گشتی قوربانیانی هێرشەکانی داعش لە ساڵی ڕابردوودا کە لە کوژراو و بریندار و ڕفێنراو پێکهاتوون گەیشتووەتە 142 کەس.
لە لایەکی ترەوە هەیسەم خەز عەلی شرۆڤەکاری سەربازی ڕایگەیاند ” ئەو ناوچانەی کە لە خانەقینەوە تا کەرکوک درێژدەبنەوە کە بە ناوچە شاخاوییەکانی حەمرینیشدا تێدەپەڕن، ڕێڕەوی سەرەکین بۆ داعش چونکە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان تێدا قورسن”. دەشڵێت” ئەو ناوچانە پڕن لە حەشارگە کە چەکدارانی داعش بۆ خۆحەشاردان و جووڵە بەکاردەهێنن”.
ئەو ئەمیندارەی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکراشی دەکات، کە داعش بە کۆکردنەوەی شانە نووستووەکانی خۆی، تاکتیکێکی نوێ پەیڕەو دەکات، ئەویش ئەوەیە کە چاودێری خاڵی لاواز دەکات و دواتر هێرشیان دەکاتە سەر، و پاشانیش دەگەڕێتەوە بۆ حەشارگەکانی خۆی.
بەپێی لێدوانی یاوەر، مەترسیدارترین ناوچە دەکەوێتە نێوان دوو هێڵی سنووری هێزەکانی عێراقی و هێزی پێشمەرگە، ئەم دوو هێڵەیش لە سنووری ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵات تا ناوچەی سنووری لەگەڵ سووریا لە ڕۆژئاوا درێژدەبنەوە.
بەڵام عەدنان کینانی شارەزای ئەمنی ڕەتی دەکاتەوە کە چالاکیەکانی “داعش” لە عێراق بۆ فاکتەرە جوگرافییەکان بگەڕێنەوە، بەبێ ناوهێنان ئاماژە بۆ ئـەوە دەکات کە پەیوەندی بە ئەجێندایەکی سیاسییەوە هەیە و هەوڵ دەدرێت لەلایەن لایەنەکانەوە بسەپێندرێت بە دروستکردنی بۆشایی ئەمنی لە وڵاتدا.
ئەلکینانی ئاشکرای دەکات کە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر گۆڕانکارییەک لە ئەگەری ستراتیژی داعش لە ناوچەکەدا.
بەپێی زانیاریەکان، نزیکەی دوو ساڵە هەولێر و بەغدا گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی میکانیزمێکی هاوبەش دەکەن بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەڵام هێشتا پڕۆژەکە لە قۆناغی جێبەجێکردندایە ئەویش بەهۆی کێشە داراییەکان.