تورکیا 40 پەنابەری سوریا دیپۆرت دەکاتەوە
حەلەب – نۆرس پرێس
شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 40 گەنجی سورییان لە خاکی وڵاتەکەی بۆ باکوور و ڕۆژئاوای سوریا دەرکرد.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند” پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە، دوای دەستگیرکردنی خەڵکی هات لە چەند شارێکی تورکیا”.
هەروەها سەرچاوەکەی نۆرس پرێس ئاماژە بۆ ئـەوەش دەکات، دیپۆرتکردنەوەکە لە دەروازەی سنووری باب سەلامەوە بووە کە لە نزیک شاری عەزازی باکووری شاری حەلەبە.
بەپێی ئامارێک کە گەیشتووەتە دەست نۆرس پرێس، لە سەرەتای ساڵی ڕابردووەوە تا مانگی تشرینی یەکەم، تورکیا نزیکەی 16 هەزار و 173 کەسی لە ڕێگەی دەروازەی سنووری باب هەوا دیپۆرت کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان، دەسەڵاتدارانی تورکیا ماوە ماوە هەڵمەتی دەستگیرکردن لە دژی سورییەکان ئەنجام دەدات و هۆکارەکەیشی بۆ ئـەوە دەگەڕێننەوە کە سەرپێچییان کردووە، لە دوای دەستگیرکردنیشیان دیپۆرتیان دەکاتەوە بۆ سوریا، ئەمەش بە بیانووی ئـەوەی کە بەڵگەنامەی یاسایی پێویستیان نییە.