کوژرانی گەنجێک بە فیشەکی جەندرمەی تورکیا لە سەرێکانێ
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، گەنجێک لە کاتی هەوڵدان بۆ چوونە ناو خاکی تورکیا لە سەرێکانێوە لە باکووری شاری حەسەکە، رۆژئاوای کوردستان، لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری تورکیا، “جەندرمە” تەقەی لێکرا و کوژرا.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 7 کەس بە دەستی جەندرمەی تورکیا کوژراون و 19 کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمە جگە لە دەستگیرکردنی 162 کەس، لەکاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنووری تورکیا، بەپێی چاودێری و بەبەڵگەکردنەکانی بەشی بەڵگەنامەسازی نۆرس پرێس.
سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، مەمدوح ئەحمەد ئەلموسای تەمەن 38 ساڵ، لەکاتی هەوڵدان بۆ چوونە ناو خاکی تورکیاوە لە نزیک گوندی سنووری عەزیزییە لەگەڵ تورکیا، بە گولـلەی “جەندرمە” گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو گەنجە خەڵکی گوندی ئەلعەزیزیەیە لە ناوچەی سەرێکانێ، کە لە ئۆکتۆبەری 2019ەوە لەلایەن گروپەچەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و هێزەکانی تورکیاوە کۆنترۆڵکراوە،
ئەو گەنجە هەوڵیداوە بچێتە ناو خاکی تورکیاوە بۆ ئەوەی بەدوای کارێکدا بگەڕێ کە بتوانێت خێزانەکەی بژیێنێت، کە لە سوریا بەجێی هێشتوون.
رۆژی 9ی ئەم مانگە، گەنجێکی ئاوارە لە گوندەواری رۆژئاوای حەما کوژرا و گەنجێکی دیکەش بە گولەی پاسەوانانی سنووری تورکیا لە کاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنووری سووریا و تورکیا لە نزیک شاری سەلقین لە باکووری رۆژئاوای ئیدلب بریندار بوو.
زۆربەی ئەوانەی هەوڵی چوونە ناو تورکیا دەدەن، پەنا دەبەنە بەر رێگای قاچاخی مەترسیدار، ئەویش بە هۆی نەبوونی رێگەی دیکە بۆ یەکخستنەوەی خێزانەکانیان یان دەستەبەرکردنی کار بۆ دابینکردنی ژیانیان، بەتایبەتی لە ئێستای خراپی بارودۆخی ژیان و بارودۆخی ئابووری ناوچەکەدا، بەپێی چاودێرییەکانی نۆرس پرێس .