فەرەنسا 47 کەس لە ماڵباتەکانی داعش لە کامپەکانی رۆژئاڤاوە دەگێڕێتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، فەرەنسا گەڕانەوەی 47 کەسی لە ماڵباتەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ وڵاتەکەی راگەیاند کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا، لە راگەێنراوێکدا کە لە ماڵپەڕەکەیدا بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، پرۆسەیەکی نوێی بۆ هێنانەوەی منداڵ و دایکانی فەرەنسی جێبەجێکردووە کە لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستاندا بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەکە رێگەی بە گەڕانەوەی 32 منداڵ و 15 ژنی پێگەیشتوو داوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی رادەستی ئەو بەشانەی بەرپرسیارن لە پاڵپشتی منداڵان دەکرێن و بەدواداچوونی پزیشکی و کۆمەڵایەتییان بۆ دەکرێت، هاوکات ئەو ژنانەش رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کارامە دەکرێنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە کۆتایی راگەێنراوەکەدا سوپاسی بەڕێوبەری خۆسەر رۆژئاوای کوردستانی کرد “بۆ هاوکارییەکانیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە”.

دوێنێ یەکشەممە، شاندێکی فەرەنسی بە سەرۆکایەتیی بەرپرسی کاروباری قەیرانەکان لە حکومەتی فەرەنسا، ستیفان رۆماتێت، لە قامیشلۆ لەگەڵ هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، بەدران چیاکورد کۆبووەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پاکێجێک لە دۆسیە ئەمنی و ئابوری و سیاسییەکان بەتایبەتی شەڕی داعش.

لە راگەێنراوێکدا سەبارەت بە سەردانی شاندی فەرەنسی، بەڕێوبەری خۆسەر باسیان لە پرۆسەی رادەستکردنی خێزانە فەرەنسییەکان بە شاندەکە نەکردووە.

لە پاییزی ساڵی رابردوو فەرەنسا گروپێکی 15 ژن و 40 منداڵی لە هەمان ناوچەوە گەڕاندەوە و پێش ئەوەش 16 دایک و 35 منداڵی ژێرتەمەنی یاسایی گەڕێنرانەوە بۆ وڵاتەکە.

فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە رێبازی هاوتاکان لە گەڕانەوەی خێزانەکانی داعش پەیڕەو دەکات، وەک عێراق و ئوسترالیا و وڵاتانی دیکە کە هاووڵاتییان هەیە کە لە سوریا، کە پەیوەندییان بە داعشەوە کردبوو و لە کامپەکانی رۆژ و هۆلدا دەستبەسەرن، بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی وەک بەریتانیا و کەنەدا کە دۆسیەی گەڕانەوە لە پایتەختەکانیاندا هێشتا مشتومڕی لەسەرە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر