124هەمین کاروانی سەربازی هاوبەشی تورکیا و رووسیا لە کۆبانی

کۆبانی – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، پۆلیسی سەربازی رووسیا کاروانێکی هاوبەشیان لەگەڵ لایەنی تورکی لە گوندەواری رۆژهەڵاتی کۆبانی ئەنجامدا، ئەوەش 124هەمین کاروانی سەربازییە لەنێوان هەردوولادا لە ناوچەکەدا، لەدوای رێککەوتنی رووسیا و تورکیا لەسەر ئاگربەست لە رۆژئاوای کوردستان.

کاروانەکە لە حەوت ئۆتۆمبێلی سەربازی رووسیا و تورکیا پێکهاتبوو و لە گوندی غەریبەوە بە دووری 15 کم لە رۆژهەڵاتی کۆبانییەوە بەڕێکەوتووە.

بە گوندەکانی “کەرەبنەف، کۆسک، عەلیشار، جوم عەلی، کورتەک، کۆبێک شەیتان، تێری، تلحجەب، قەباق ساغیر، التلق، هولاقی، خەراباسان تەهتانی، جەیشان، قەرەمۆغ”دا سوڕاونەتەوە.

پاشان گەڕاونەتەوە بۆ خاڵی دەستپێکی خۆیان لە گوندی “غەریب”، ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی تورکیا چوونەتە ناو سنووری وڵاتەکەیانەوە و ئۆتۆمبێلە رووسییەکان گەڕانەتەوە بۆ بنکەکەیان لە نزیک شارۆچکەی سەڕین لە باشووری کۆبانی.

لە شانزەی مانگی یەکی ئەمساڵیشدا، لایەنی رووسیا و تورکیا 123هەمین کاروانی هاوبەشیان لە گوندەواری رۆژئاوای کۆبانی ئەنجامدا.

ئامادەکردن : فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی : ئەحمەد عوسمان