پێنج ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفریندا تێدەپەڕێت
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر لەشکرکێشی و داگیرکردنی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە، کە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی “چڵە زەیتون” ئەنجامیاندا.
لە ئەنجامی ئەو داگیرکارییە، نزیکەی 300 هەزار هاوڵاتی کوردی ئەو شارە ئاوارە بوون.
تورکیا و چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بەوان، لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەی داگیرکارییدا لە عەفرین، بەدوای گۆڕانکاری دیمۆگرافیای ناوچەکەدا گەڕاوە، هەوڵیانداوە دانیشتوانی شارەکانی دیکەی سوریای وەک (غوتە، حومس، ئیدلب و سەراقیب و گوندەوارەکانیان) راگواستووە بۆ ناوچەکە و لە ئۆردوگاکانی نیشتەجێکردندا لە عەفرین نیشتەجێیان کردوون.
بە هاوکاری هەندێک وڵات و رێکخراوی سەر بە “ئیخوان موسلیمین” نزیکەی 50 ئۆردوگای نیشتەجێبوون لەسەر موڵکی دانیشتوانی رەسەنی کوردی عەفرین دروستکراون.
عەفرین کە بە گەورەترین شاری سوریا دادەنرا لە بەرهەمهێنانی زەیتون و رۆنی زەیتوندا، تورکیا و لایەنە چەکدارەکان نزیکەی 2 ملیۆن درەختی زەیتونیان لەو شارە لەناوبرد، ئەویش چی بە بڕین و سووتاندن یان فرۆشتنەوەی لە شارەکانی تورکیا و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەی سوریا، لە لایەن تورکیاوە.
ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی بێشوماری دانیشتوانی شارەکە، لەنێویاندا ئەو کەسانەی کە پێیان باشتر بوو لە “ئەلشەهبا” بمێننەوە بە هیوای گەڕانەوە، ئەوان لە کامپەکاندا دەژین کە کەمترین ئاستی ژیانیان تێدا نییە، جگە لە ناهەموارییەکانی ژیانیان، بە هۆی گەمارۆکانی حکومەتی سوریاوە، کە ژیانی دانیشتوانی شاری عەفرینیان زیاتر سەخت کردووە.
ئەمە جگەلەوەی هەزارەها کەس لە دانیشتوانی رەسەنی عەفرین، ئاوارەی هەریەک لە شارەکانی کۆبانێ و هەرێمی جەزیرە بوون.