سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق چه‌ند بڕیارێك ده‌رده‌كات بۆ دابه‌زاندنی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به دینار
هه‌ولێر- نۆرس پرێس
رۆژی یه‌ك شه‌ممه، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد بۆ دابه‌زاندنی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به دیناری عێراقی و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ناوه‌ندێكی نوێ بۆ فرۆشتنی دۆلار ده‌كرێته‌وه.
بەپێی به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگەی میدیایی سەرۆك وەزیران، بۆ تاوتوێكردنی به‌رزی و نزمیی به‌های دۆلار بەرامبەر بە دینار، سودانی له‌گه‌ڵ ژووره‌كانی بازرگانیی عێراقدا كۆبووەو، سەرۆك وەزیران بڕیاریدا ناوەندێكی نوێی فرۆشتنی دۆلار بكرێتەوە و لە رێگەی بانكی بازرگانیی عێراق (TBI) ، دۆلار بە هەرزانتر بە بازرگانه بچووكه‌كان بفرۆشێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بڕیارێكی تری كۆبوونەوەكە، بانكی ناوه‌ندی عێراق بڕی 500 ملیۆن دۆلار ده‌دات بە بانكی بازرگانیی عێراق (TBI) بە مەبەستی پاڵپشتیكردنی بازرگانان و ئاسانكردنی رێكارەكانی هاوردەكردنی شمەك و كاڵا.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، محه‌مه‌د شیاع سودانی بڕیاریداوه پێداچوونه‌وه به كاری ده‌سته‌ی باجه‌كان بكات و ژوورەكانی بازرگانی و یەكێتیی پیشەسازییەكان و نوێنه‌رانی كه‌رتی تایبه‌ت بەشداربن لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی.