بۆردوومانی دوولایەنە بۆ سەر زیاتر لە 24 پێگە لە باکووری رۆژئاوای سوریا
ئیدلیب- نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، ئاڵوگۆڕی تۆپباران لە نێوان گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی حکومەت لەسەر میحوەرێکی گوندەواری حەما، حەلەب و ئیدلب لە باکوری رۆژئاوای سوریا، دەستیپێکردەوە و راپۆرتەکان باس لە زیانی مرۆیی دەکەن.
سەرچاوە سەربازییەکان لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، هێزەکانی حکومەت بە تۆپ و مووشەکی قورس، پێگەکانی جێگیربوونی ئۆپۆزسیۆنیان لە دەوروبەری گوند و شارۆچکەکانی کفرتەعال، کفرعەمە، تەقاد، کفرنوران، ،رێحاب، مکلبیس، و شێخ سلێمانیان، کردە ئامانج.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بۆردومانەکەی هێزەکانی حکومەت دەوروبەری شاری دارەعزەیان لە رۆژئاوای شاری حەلەب کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کەس برینداربوون.
هەروەها هێزەکانی حکومەت پێگەکانی جێگیربوونی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنیان کردە ئامانج، لە گوندی عەنکاوی لە دەشتی غاب لە رۆژئاوای حەما، هاوکات لەگەڵ بە ئامانجکردنی شوێنەکانی دیکە، گوند و شارۆچکەکانی “ئەلروەیحە، ئەل فاتیرە، فلیفێل، دێ سونبوڵ، سفوهن، کەنەسفەرە، ئەلبارا، مەعەربێلیت و مەجدەلیا”یان لە چیای زاویە لە باشووری ئیدلب، کردەئامانج.
جگە لەوەش، ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی “فەتحولموبین” بە تۆپ و مووشەک، پێگەکانی هێزەکانی حکومەت لە شارۆچکەی حزارین لە باشووری ئیدلب، بۆردومان کرد، هەروەها گوندی کفربەتیخ لە رۆژهەڵات و فەوجی 46 و بسرتونیان لە رۆژئاوای حەلەب، کردەئامانج، بەپێی سەرچاوەیەکی سەربازی لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی “فەتحولموبین” کە بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە.