بۆردومانی گوندێکی باکووری مەنبیج لە لایەن تورکیاوە
مەنبیج – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ، دووشەممە 18.7.2022 هێزەکانی تورکیا گوندی “ئەلموحسینلی”یان لە باکووری مەنبەج، باکووری سوریا بۆردومان کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازی مەنبەج لە پێگەی فەرمی خۆی ڕایگەیاندووە، هێزەکانی تورکیا و فراکسیۆنە چەکدارەکانی سەربەوان، بە نۆهاوەن و تۆپ گوندی ئەلموحسینلییان بۆردومان کردووە،بۆردومانەکەش هەڕەمەکی بووە لە نزیک ماڵی دانیشتوانی گوندەکە، زیانی ماددی بە موڵک و ماڵی هاوڵاتیان گەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانەکە لە بنکەی تورکیاوە بووە لە نزیک گوندی عەرەب حەسەن، و نزیکەی بیست خولەکی خایاندووە.
دوێنێش یەکشەممە، هێزەکانی تورکیا بە چەند هاوەنێک گوندی ئەلموحسینلییان کردە ئامانج، بەبێ ئەوەی زیانی ماددی و مرۆیی تۆمار هەبێت.
ئەم پێشهاتە سەربازیانەی تورکیا لە کاتێکدا دێت کە سوپای سوریا پشتیوانی سەربازیان بۆ ناو مەنبیج ناردووە و لە هەموو هێڵەکانی پێشەوە بڵاوبوونەتەوە.