کەنەدا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گەڕاندنەوەی ٢٣ هاووڵاتیی وڵاتەکەی کە تۆمەتبارن به‌ ئه‌ندامبوونیان له‌ ڕێكخراوی “داعش”

هەولێر – نۆرس پرێس

دادگای فیدراڵی کەنەدا فەرمانی بە حکومەت کرد چوار کەنەدی بگەڕێنێتەوە کە ئێستا لە ڕۆژئاوای كوردستان دەستبەسەرن، بەمەش ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی دادگا بڕیاری گەڕاندنەوەی له‌سه‌ریان داوه‌، گەیشتە ٢٣ کەس کە زۆربەیان منداڵن.

کەنەدیەکان لە نێو ئەو هەزاران ئەندامی داعش و بنەماڵەکانیانن کە لە کەمپەکانی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌ستبه‌سه‌ركراون، ئه‌ویش له‌ دوای زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی دوورودرێژ کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ئەنجامدرابوون.

کەسوکاری ئەو ٢٣ کەسە کەنەدییە دەستبەسەرکراوە كه‌ (چوار پیاو و شەش ژن و ١٣ منداڵ)ن داوایان لە دادگا کردبوو کە فەرمان بە حکومەت بکات بۆ ڕێکخستنی گەڕانەوەیان.

دۆسیەکە دوو بژاردەی وروژاند، لە نێوان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ یان پێشێلکردنی میساقی حكومه‌ت لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتدا.

له‌سەرەتا، پێنجشەممەی ڕابردوو، دادگا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گەڕاندنەوەی 19 كه‌س كه‌ (شەش ژن و 13 منداڵ)بوون، و سەرجەمیان لە کەمپی ڕۆژی ڕۆژئاوای كوردستانن.

دوێنێ هەینیش، دادگا بڕیاری گەڕاندنەوەی چوار پیاوی دەرکرد کە گومانی پەیوەندیکردنیان بەو ڕێکخراوە هەیە، و ئێستا لە زیندانەکانی ڕۆژئاوای كوردستانن، بەڵام بەبێ ئەوەی دادگا تۆمەتی پەیوەندیكردنیان بە ڕێکخراوەکەوە بۆ بخاتە پاڵ.

بەڵام ئەگەری زۆرە له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و چوار پیاوە بۆ وڵاتەکەیان ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە و دادگا دەبنەوە، هەروەها هەندێک لە ژنەکانیش ئەگەر سەلمێندرا کە به‌شدارییان لە كرده‌وه‌ی “تیرۆریستی” كردبێت.

سەبارەت بە منداڵانیش دەنێردرێنه‌ ناوەندەکانی چاودێری تایبەت لە وڵاتدا.

دوێنێ هەینی لە بڕیارەکەی دادگادا هاتبوو “مەرج بۆ ئەو پیاوانە توندترە لە مەرجەکانی ژن و منداڵه‌كان کە کەنەدا تازە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گەڕاندنه‌وه‌یان”.

دادوەر هەروەها ئاماژەی بەوەدا كرد کە دادگا ناچار نەبووە بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە بۆچی چوونەتە ناوچه‌كه‌ و حکومەتیش بەڵگەی نەخستووەتەڕوو بۆ تێوەگلانیان لە چالاکی “تیرۆریستی”، بۆیە پێویستە کەنەدا لە وڵاتەکەی خۆیان دادگایییان بکەن.

دوو هەفتە لەمەوبەر بنەماڵەی کەنەدیەکانی ڕۆژئاوای كوردستان فشاریان خستە سەر دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی ئه‌و كه‌سانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ “نیشتمان”ی خۆیان، لە هەمان کاتدا دادگا كۆبۆوه‌ سەبارەت بەوەی ئایا حکومەت بە نەگەڕاندنەوەی ئەوان میساقی ماف و ئازادییەکانی کەنەدای پێشێل کردووە یان نا.

کەنەدا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ڕێبازی وڵاتانی دیكه‌ی نەگرتە بەر، له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاوڵاتییه‌كانی كه‌ پەیوەندییان بە ڕێکخراوی “داعش”ەوە کردبوو لە سوریا، و دوای كۆتایی پێهێنانی داعش له‌ ناوچه‌گه‌ بردرانه‌ كه‌مپه‌كانی ڕۆژ و هۆڵ.

ساڵی ڕابردوو کەنەدا تەنها چوار هاوڵاتی گەڕاندەوە، به‌ڵام لایه‌نی كه‌م حەوت وڵاتی دیکە چه‌ندین كه‌سیان گه‌ڕانده‌وه‌ وه‌ك عێراق كه‌ به‌ سەدان کەس بوو، و ئوسترالیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا و ڕووسیا و ئیسپانیا كه‌ ده‌یان كه‌سیان گه‌ڕانده‌وه‌.

دوایین بڕیاری دادگا و سەرەڕای ئەوەی ئۆتاوا جەختی لەوە کردەوە کە هیچ پابەندبوونێکی یاسایی بەپێی میساق یان یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ کەنەدا نییە بۆ پێشکەشکردنی ئەو جۆرە هاوکارییە، لەنێویاندا گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی بۆ وڵات.

هیومان ڕایتس وۆچ داواکارییەکانی خۆی لە دەسەڵاتدارانی کەنەدا دووپاتکردەوە بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیە بە بەڵێنی هاوکاری خێرا بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم کەنەدییەکانی ڕۆژئاوای كوردستان.

لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاندبوو، لانیکەم 43 کەسی کەنەدی لە کەمپ و زیندانەکانی گومانلێکراوی داعشدان.

وڵاتان به‌ ئاگه‌دارییه‌وه‌ دۆسه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاووڵاتییانن ده‌كه‌نه‌وه‌، و بە وریاییەوە لەو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ کە ڕەنگە كاریگه‌ری ئایدۆلۆژیای توندڕه‌وی داعش له‌ پاشه‌ڕۆژدا کاریگەرییان لێبكات.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: هۆزان زوبێر