مەسەدە: مەترسی سیاسەتە فراوانخوازەکانی تورکیا تەنها سوریا ناگرێتەوە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات “مەسەدە” داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمکاری عەرەبی کرد دژایەتی سیاسەتە فراوانخوازییەکانی تورکیا بکەن لەسەر حیسابی وڵاتانی دراوسێ، جەختیشی کردەوە کە هەڕەشەکانی تورکیا تەنها بەسەر سوریادا کورت ناکرێتەوە.
ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات لە یادی پێنجەمین ساڵیادی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرینی، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەدا کە ناوچەکە، لە دوای لەشکرکێشییەوە، لە دۆخێکی کارەساتباردا “لە هەموو ئاستەکاندا ” دەژی، ئەمە جگە لە پێشێلکارییە گشتییەکانی تورکیا و گروپە دڵسۆزەکانی لە دژی خەڵکی رەسەن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تورکیا سیاسەتی بەتورککردن و گۆڕینی دیمۆگرافی لە عەفرین و تەواوی “ناوچە داگیرکراوەکانی باکووری سوریا” پراکتیزە دەکات، بە سەپاندنی زمانی تورکی و مامەڵەکردن لەگەڵ لیرەی تورکی و گۆڕینی ناوی گوندەکان، شەقامەکان، گۆڕەپانەکان، و قوتابخانەکان.
ئاماژەشیان بەوەکرد، پێنجەمین ساڵیادی لەشکرکێشی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، کە تیایدا دۆڕاوەکان گەلی سوریان و براوەکانیش ئەردۆغان و ئەسەدن، کە ئەمیان بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات و ئەویش هەوڵی شکاندنی ئەو گۆشەگیرییەکە دەدات کە بەسەریدا سەپێنراوە.
ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات لە وتارێکدا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی هۆشداریدا لە مەترسیی سیاسەتە فراوانخوازییەکانی تورکیا و مەترسییەکەی تەنها لە یەکڕیزی سوریادا سنوردار نابێت، هەروەها جەختی لەسەر رەتکردنەوەی ئەو سیاسەتانە کردەوە کە ئامانج لێی دابڕانی بەشێکە لە خاکی سوریا.
“مەسەدە” داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی خۆی لەبارەی پێشێلکارییە سیستماتیکییەکان بەرامبەر بە خەڵکی رەسەن و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ناسنامەی ناوچەکە و پێویستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە “تاوان و پێشێلکارییەکانی ڕۆژانە” کە تورکیا ئەنجامی دەدات، لە ئەستۆ بگرێت.
هەروەها داوایان لە هەموو هێزە دیموکراسیەکانی سوریا کرد هاوکار بن لە پێناو “کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین و ناوچەکانی تری سوریا و دەرکردنی ئەو گروپە سەلەفی و جیهادی و بەکرێگیراوانەی کە لەلایەن تورکیاوە لەژێر ناوی ئۆپۆزسیۆن پێکهێنراون، بیاندەن بە دادگا نێودەوڵەتییەکان و تورکیا وەک وڵاتێکی داگیرکەر بناسێنن”.
ئه نجومەن جەختی کردەوە که چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا ته نها بە وتووێژ لەنێوان هەموو سوورییەکاندا دەبێت، و داوایان لە سەرجەم لایەنەکان کرد رێگای وتووێژی نیشتمانی سەرکەوتوو بگرنەبەر.