کاربەدەستێکی خۆسەری: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق ئاسان نییە
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، ئامینە ئۆسی، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گشتیی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، “ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و دیمەشق ئاسان نابێت”.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، “ئامانجی تورکیا لەم ئاساییکردنەوەیە بەدەستهێنانی پشتیوانی دەنگدەرانی تورکیایە پێش هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، دوای ئەوەی جەماوەری پارتی دەسەڵاتدار لە تورکیا دابەزی.”
هەروەها “سەرۆک کۆماری تورکیا هەوڵ دەدات، لە رێگەی ئەم ئاساییکردنەوە، پەنابەرە سوورییەکان بەبێ گەرەنتی لە وڵاتەکەی دووربخاتەوە”، بە گوتەی ئۆسی.
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە پێی وابوو کە زەحمەتە ئەنقەرە و دیمەشق بگەنە رێککەوتن، بە لەبەرچاوگرتنی مەرجەکانی ئەم دووەمیان، چونکە داوای دەرچوونی تورکیا دەکات لە خاکی سوریا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی تورکیا لکاندنی خاکی زیاتری سوریایە بەوڵاتەکەیەوە، “نەک ئەو ناوچانەی داگیریکردووە بەجێبهێڵێت”.
ئەو بەرپرسە لە بەڕێوبەری خۆسەر ئاماژەی بەوەدا کە گەلی سوریا رەتکردنەوەی ئەم ئاساییکردنەوەیان دەربڕیوە، چونکە ئەو جۆرە سیاسەتانە بنەمایان سازشکردنە لەسەر چارەنووس و خوێنی سوریاکان.