تەرمی قوربانیانی رووداوەکەی نسێبین گەڕێندرانەوە ھەرێمی کوردستان و بەخاک سپێردران

هەولێر – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی ئەو پێنج ھاوڵاتییەی لە شاری نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردین  لە باکوری کوردستان کوژران لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیلەوە گەڕێنردرانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ  تەرمی دووان لە قوربانییەکان لەزێدی خۆیان لە شیلادزێ بەخاک سپێردران و سێ تەرمەکەی دیکەش لە دھۆک بەخاک سپێردران.

لای خۆیەوە، پارێزگاری مێردین دەستگیرکردنی چوار کەسی بەتۆمەتی تێوەگلانیان لە کوژرانی ئەو پێنج کەسە راگەیاند کە خەڵکی نسێبینن. بەپێی میدیاکانی تورکیا، تۆمەتبارەکان لە دانپێدانەکانیاندا وتوویانە کە بۆ پارە ئەو کارەیان کردووە.

لەبەرانبەردا کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکە لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی تەرمی قوربانییەکاندا رایانگەیاند، بڕوا بە دانپێدانانی تۆمەتبارەکان ناکەن و داوایان کرد ھۆکاری راستەقینەی روداوەکە ئاشکرابکرێت.

ھاوکات، باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە لە راگەیەنراوێکدا داوای لە حکومەتی تورکیا کرد بە زویی ھۆکاری ھێرشەکە ئاشکرابکات و تۆمەتباران بداتە دادگا.

دوێنێ لە شاری نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردین  لە باکوری کوردستان پێنج ئەندامی  دوو خێزانی دانیشتووی شاری دھۆک لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژران کە بۆ چارەسەر روویان لەو پارێزگایە کردبوو.