درۆنێکی تورکی پێگەیەک لە گوندەواری قامیشلۆ دەکاتەئامانج

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا پێگەیەکی لە نزیک دەروازەی باشووری شاری رومەیلان، لە گوندەواری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان، کردە ئامانج.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان نزیکەی کاتژمێر شەشی  ئێوارەی دوێنێ، پێگەیەکی باشووری شارەکەی کردووەتە ئامانج”، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر و قەبارەی زیانەکانی ئاشکرا بکات.

شایەتحاڵێکی چاودێر باسی لەوە کرد کە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە باشووری شارەکە بیستراوە و پێدەچێت بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە بووبێت.

بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بینیویەتی ئەمبولانسەکان بەرەو شوێنەکە دەڕۆن و ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لانیکەم دوو کەس برینداربوون.

بەرپرسانی  بەڕێوبەری خۆسەر تا ئێستا بە فەرمی هیچ لێدوانێکیان لەبارەی ئەم هێرشەوە نەداوە.

رۆژی چوارشەممە، درۆنێکی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لە نزیک گوندی مەعشوق لەسەر رێگای نێوان قامیشلۆ و سنووری باشووری کوردستان، کردە ئامانج.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە رۆژئاوای کوردستان، شەش هێرشی ئاسمانی تورکیای بەخۆوە بینیوە، بەهۆیانەوە 4 کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم سێ کەسی دیکەش برینداربوون، بەپێی ئەوەی پەیامنێرانی نۆرس پرێس بەبەڵگەیان کردووە.

ئامادەکردنی: محەمەد ئۆمری – داڕشتنەوەی: عەدنان حەمۆ