ئەمڕۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ لەسەر بە جینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدی دەدات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەمە پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیار لەسەر پڕۆژەیاسای بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی دەدات، بڕیارێک کە بۆ کوردانی ئێزدی چارەنووسسازە و دەمێکە چاوەڕێی دەکەن.

پڕۆژەیاساکە 20 خاڵە، جگە لە هاوکاریی دارایی و مرۆیی، ئەڵمانیا دەیەوێت رۆڵێکی گرنگی هەبێت لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی کوردانی ئێزدی و کۆکردنەوە بەڵگە بۆ سزدانی تاوانبارانی داعش.

ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین پەنابەری کوردی ئێزدی لێیە، ئەو وڵاتە لەچاو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا زۆرترین هاوکاریی کوردانی ئێزدی کردووە و ئێستاش لە هاوسۆزیی هاوکارییەکانی بۆ کوردانی ئێزدی، بەردەوامە.

پەرلەمانی ئەڵمانیا بەو هەنگاوەی، دەبێتە چوارەم پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا کە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید دەناسێنێت، پەرلەمانی فەرەنسا وەک یەکەم پەرلەمان لە ساڵی 2016 کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیی بەجینۆساید ناساند، دوای ئەوە هەریەک لە پەرلەمانەکانی هۆڵەندا و بەلجیکاش ئەو هەنگاوەیان نا.