بە هۆی تیرۆر ناساندنی سوپای پاسدارانەوە ئێران هەڕەشە لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ھۆشداریدا لە بەتیرۆرناساندنی سوپای پاسداران، رەسوڵ موسەوی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، ئەو ھەنگاوە ھێندەی کێشە بۆ وڵاتان دروست دەکات کێشە بۆ تاران دروست ناکات و بەوە وەسفی کرد کە ” ئەوروپا فیشەک بە قاچی خۆیەوە دەنێت”.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی داوایکردووە دۆسیەی ئێران بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش و بەخێرایی سەرجەم دەستگیرکراوە بیانییەکان ئازاد بکرێن.
پەرلەمانی ئەوروپا داوا دەکات “عەلی خامنەیی” رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و “ئیبراھیم رەئیسی” سەرۆک کۆمار و سەرجەم پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە بخرێنە لیستی سزاکانەوە.
پەرلەمانی ئەوروپا لە نوسراوێکدا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد، لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سزادانی خۆپیشاندەران و رەوشی ئێران بەگشتی، “عەلی خامنەیی” رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی و “ئیبراھیم رەئیسی” سەرۆک کۆمار و سەرجەم پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە بخرێنە لیستی سزاکانەوە. ھاوکات داوایانکرد، سوپای پاسداران و فەیلەقی قودسیش سزاکان بیانگرێتەوە.