سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانی شاندی حکومیی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی برێت مەکگۆرک راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، “هەرێمی کوردستان لەبەردەم دۆخێکی ناڕوون و کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە.” ئەوەشی خستووەتەڕوو، “زیاتر لە هەر کاتێک پێویستمان بە یەکگرتوویی و هاوکاریی هەموو لایەنەکانە، بەتایبەت پارتی و یەکێتی.”

شاندێکی حکومیی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی برێت مەکگۆرک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە یاوەریی ئامۆس هۆکستاین، نێردەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی لایەنەکانیان لە هەرێمی کوردستان کرد، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش پێشوازیی لە شاندەکە کرد.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەێنراوەکەدا دەڵێت، “پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی به‌رده‌وامى چارەسه‌ری كێشه‌كانی نێوان حکوومەتی فيدراڵيى عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، وێڕاى سه‌ختييه‌كانى ڕابردوو، ئێمە گەشبینین کە دەتوانین لەگەڵ سەرۆکوەزیران به‌ڕێز محەممەد شیاع ئه‌لسوودانی و کابینەکەی و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، گرفتە هەڵپەسێراوەکان چارەسەر بکەین.”

ئەوەش هاتووە کە، ” داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکەین کە جیاوازییەکانیان بەلاوە بنێن و بە سنگێکی فراوانەوە کێشەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتنەوە چارەسه‌ر بکەن. ئەوەی کۆماندەکاتەوە زۆر گەورەترە لەوەی لە یەکتریمان جیا دەکاتەوە. بۆ ئەوەی بتوانین سەقامگیری و یەکڕیزی جێگیر بکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بپارێزین و پەرەیان پێ بدەین، پێویستە هەموومان بە بەرپرسیارییەتەوە هەنگاو بنێین.”