بەمەبەستی گرێدانی لوتکەی تاران.. ئەمڕۆ ئەردۆگان دەگاتە ئێران
هەولێر – نۆرس پرێس
بە میوانداری تاران، رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیارە ئەمڕۆ دوشەممە بەسەردانێکی فەرمی بگاتە تارانی پایتەختی ئێران، بە مەبەستی بەشداری لە حەوتەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگیی باڵای نێوانیان.
دوێنێ یەکشەممە، ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردوەتەوە،” بڕیارە سبەی دوشەممە 18ی (تەمموز/7) رەجەب تەیب ئەردۆگان بەسەردانێکی فەرمی بگاتە تارانی پایتەختی ئێران، بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگی باڵای تورکیا – ئێران کە بڕیارە 19ی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردوە،” لە کۆبونەوەی ئەنجومەنەکە کە بە بەشداریی وەزیرە پەیوەندیدارەکان رێکدەخرێت، پێداچونەوە بە سەرجەم لایەنەکانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا- ئێران دەکرێت و هەنگاوەکانی پێشخستنی هەماهەنگیی دولایەنە تاوتوێ دەکرێت”.
باسی لەوەشکردوە،” جگە لە پەیوەندییە دو قۆڵییەکان گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان دەکرێت”.
هاوکات بڕیارە لە سەردانەکەیدا بە بەشداریی سەرۆکی روسیا، ڤلادیمیر پوتن و میواندارێتی سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، ئەردۆگان بەشداری لە حەوتەمین کۆبونەوەی لوتکەی سێقۆلی بەشێوەی ئاستانا کە لە تاران بەڕێوەدەچێت، بکات.
ئەنادۆڵ ئاشکراشیکردوە،” دواین پێشهاتەکانی سوریا، بەرەنگاربونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان ، هەوڵەکان بە ئاراستەی چارەسەری سیاسی، دۆخی مرۆیی و گەڕانەوەی سورییەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە بۆ وڵاتەکەیان، بکرێت گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت”.
پێشتریش وتەبێژی کرێملین لە لێدوانەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاندبوو، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە 19ی تەمموزدا سەردانی تاران دەکات و لەگەڵ هاوتا تورکەکانی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئیبراهیم ڕەئیسی ئێرانی کۆدەبێتەوە، کە تێیدا لوتکەی سێ قۆڵی بەڕێوەدەچێت.
سبەی سێشەممە تارانی پایتەختی ئێران، لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکانی ئەستانەدا، بە کۆبوونەوەی لوتکەی ڕووسیا و تورکیا و ئێران کۆدەبێتەوە و قەیرانی سوریاش گرنگترین پرس دەبێت لەسەر مێزی سێ قۆڵی، ئەمەش لەکاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت تورکیا بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی گڵۆپی سەوز بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکەی.
دانیشتنی سەركردەكانی ئەو سێ وڵاتە كە بە گەرەنتیكاری ئاگربەست لە سووریا دادەنرێت، دوای زنجیرەیەك هەڕەشە دێت كە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن بەرپرسانی توركیاوە ئەنجامدرا، بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باكووری سووریا، بە تایبەتی بۆ سەر تەل رفعەت و مەنبیج.
لەمبارەیەوە محەممەد رەبیع ئەلدیهی، توێژەری سیاسی تایبەتمەند لە کاروباری تورکیا بە نۆرس پرێسی راگەیاند کە رەنگە هەوڵەکانی تورکیا بەرامبەر بە رەتکردنەوەیەکی رووسیا و ئێران بێت لەو لوتکەیەدا.
هەروەک ئەلدیهی رایگەیاند “بیرۆکەی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە نێوان سێ وڵاتەکەدا کاریگەری زۆری لەسەر قەیرانی سوریا هەبووە، کە لە کاتی کۆبوونەوەکانی ئاستانە و کۆبوونەوەکانی دیکەدا زیاتر لە ناونیشانێکی بەخۆیەوە بینیوە، سەرەڕای دژایەتییەکان، تا ڕادەیەک توانیویەتی بەرژەوەندییەکانی ڕێکبخات.”
بەڵام لەم قۆناغەدا ئەلدیهی پێی وایە “جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تورکیا زۆر زەحمەتە، ئەویش لەبەر زۆر هۆکار، دیارترینیان قەیرانی ئۆکرانیایە، کە لە بەرژەوەندی تورکیا نەبووە، تەنانەت ئەگەر تورکیاش هەوڵی قۆستنەوەی قەیرانەکەی دابێت بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی دووانە لەگەڵ ڕۆژئاوا لە لایەک و لەگەڵ ڕووسیا لە لایەکی تر”