باكووری كوردستان.. چوار هاونیشتمانیی خه‌ڵكی دهۆک گوژران

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، “چوار هاونیشتمانیی خەڵکی دهۆک” لە ئۆتۆمبێلێکدا کوژران.  

میدیای تورکیا لە نەخۆشخانەی مێردینەوە بڵاویکردوەتەوە، بەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلە بۆسەر خێزانێک لەسەر رێگەی ئارتوکلو- نسێبین، چوار ئەندامی یەک خێزان کوژراون و کەسێکی دیکەش برینداربوە.

ئاماژەی بەوەشدراوە، تائێستا ناسنامەی هێرشکارەکان نەزانراوە بەڵام هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردوە، هاوکات ئەو کەسەشی بە برینداری رزگاری بوە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.

بەگوێرەی زانیارییەکان سەرجەم ئەندامانی ئەو خێزانە خەڵکی پارێزگای دهۆکن و پێکهاتون لە ژنێک بەناوی واحید کە تەمەنی 70 ساڵ بوە، هەروەها دو هاوڵاتیانی دیکەش بەناوی عەبدوڵا و ئیراهیم لەلایەن تەندروستی تورکیاوە ناسنامەکانیان راگەیەنراوە.

بنەماڵەی ئەو خێزانەی دهۆک کە لە مێردین کوژران، رایانگەیاند، داوا لە هەردو حکومەتی هەرێم و عێراق دەکەن لەرێگەی وەزارەتی دەرەوە چاودێری لێکۆڵینەوەکان بکات و ئەنجامدەرانی هێرشەکە بە سزای خۆیان بگەیەنرێن، بەتایبەت کە هێرشکارەکان هیچ شتێکیان لەناو ئۆتۆمبێلی ئەوانە نەدزیوە کە دەستڕێژی گولـلەیان لێکردون و خێزانەکەی ئەوانیش بەمەبەستی چارەسەری تەندروستی چون بۆ تورکیا.

له‌و باره‌یه‌وه‌ هەوار جەلالەدین، کچی واحیدە حەیدەر و خۆشكی مەلا ئەحمەد داوای کرد بەدواداچوونێکی ورد بۆ رووداوەکە بکرێت و له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی مێردین وتی: “ئەوەی روویدا شۆک بوو بۆ ئێمە، پێشبینیمان دەکرد رووداوی هاتووچۆ هەبێت، پێشبینی وەرگەڕانمان دەکرد، تەنیا پێشبینیی ئەوەمان نەکرد کە روویدا، ئێمە ناتوانین بڕوا بکەین.

 سەبارەت بە رێوشوێنەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە. هەوار جەلالەدین گوتی، “لە مێردین کار لەسەر رووداوەکە و هۆکارەکەی دەکرێت، لە دهۆکیش بە هەمان شێوە عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر خەتە لەگەڵمان.”