نێردەی حکومەتی ئەمریکا لە سوریا: هەرچەشنە کردەوەیەکی سەربازی تورکیا لە ناوچەکە رەتدەکەینەوە
قامیشلۆ- نۆرس پرێس
نیکۆلاس گراینگەر نێردەی باڵای حکومەتی ئەمریکا لە باکووری سوریا هەڵوێستی وڵاتەکەی نوێکردەوە و هەرچەشنە کردەوەیەکی سەربازی نوێی تورکیا لە ناوچەکە رەتکردەوە.
ئەمەش له کۆبوونەوەیەکدا هات کە دوێنێ سێشەممە، له گەڵ شاندێکی پارتەکانی یەکێتی نەتەوەیی کورد له حەسەکە، ئەنجامیدا، به پێی بڵاوکراوەکانی ئەو پارتە سیاسیانە.
دووشەممەی رابردوو، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، بە ماڵپەڕی “ئەلمۆنیتۆر”ی ئەمریکی راگەیاند کە ئەوان هەڕەشەکانی تورکیا بە جددی وەردەگرن، پێشبینیش دەکات ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە مانگی شوباتی داهاتوودا رووبدات، کە شاری کۆبانی دەکاتە ئامانج.
لە میانی دیدارەکەدا نیکۆلاس گراینگەر ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی تورکیای لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا ئاگادارکردووەتەوە لە هەر کردەیەکی سەربازی کە ببێتە هۆی تێکدانی ئەو هەوڵ و دەسکەوتانەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و “هەسەدە” لە رووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا، بە دەستیان هێناوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی ئاسایش “بە خێرایی زیاتر بەردەوام دەبێت”، بەپێی ئەوەی کە ماڵپەڕی پارتی یەکێتی دیموکرات بڵاویکردووەتەوە.
هەردوولا باسیان له هەوڵەکانی ئاساییکردنەوهی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق کردووە، بە سەرپەرشتی مۆسکۆ و ئەو جۆرە ئاساییکردنەوەیان رەتکردوەتەوە.
هاوکات گراینگەر جه ختی کرده وه که وڵاتەکەی هەرچەشنە ئاساییکردنەوەیکی پەیوەندییەکان لەگەڵ “رژێمی سوریا” رەتدەکاتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەنقەرە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق دەدات، دوای پچڕانێک کە 11 ساڵ بەردەوام بوو، دوابەدوای سەرهەڵدانی جەنگ لە سوریا.
رووسیا رۆڵی نێوەندگیری لە نێوان هەردوولادا دەبینێت، لەکاتێکدا ئێران لەم دواییانەدا لە رێگەی ئەو گەشتانەی کە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ سوریا و تورکیا لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ئەنجامیدابوو، چووە ناو هێڵی گەرمی نێوان هەردوو وڵاتەوە.