هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە سەرووی 160 هەزار دینار جێگر بووە و ئەمڕۆ بە 160 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
یەکشەممەی رابردوو، بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 219 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە و بەهۆیەوە بەهای دۆلار بۆ نزیکەی 156 هەزار دینار دابەزی، بەڵام لە دوو رۆژی رابردوودا بانکەکە بڕێکی کەمتری خستووەتە بازاڕەوە. بۆ نموونە، دوێنێ 63 ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە و ئەوەش بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ زیاتر لە 160 هەزار دینار.
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات.
لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا نرخی 100 دۆلار لەنێوان 148 هەزار بۆ 149 هەزار دینار بوو، بەڵام رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و لەو رۆژەوە ناجێگیرە و لە هەفتەی رابردوودا بەهای 100 دۆلار 161 هەزاری تێپەڕاند.
بەرپرسانى بانکى ناوەندیی عێراق ئەو گۆڕانکارییە دەبەستنەوە بە وردبینی و رێکارەکانى فرۆشتنى دۆلار بە بانک و بازرگانان.