ئێران جارێکی تر پێشوازی لە گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە دەکات

دیمەشق- نۆرس پرێس

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشوازیی وڵاتەکەی بۆ دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە نوێکردەوە و رایگەیاند، هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە “ئامانجە خوازراوەکان” لەم بوارەدا چڕتر دەکاتەوە.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە لەگەڵ هاوتا تورکەکەی ئەنجامدا وتی: دڵخۆشین بەو گۆڕانکارییە بەرچاوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە، چونکە ئەو هەوڵانەی کە ئێران لە ساڵانی رابردووەوە لەم بارەوە داویەتی، بەرهەمی خۆی دەبێت .”

ناوبراو ئاماژەی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی تورکیا سەبارەت بە سەردانێکی داهاتووی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ تورکیا کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سەردانە “بەم زووانە ئەنجام دەدرێت”.

عەبدوڵڵاهیان هەر جۆرە پێشکەوتنێک لە پەیوەندییەکانی سوریا و تورکیا بە “هەنگاوێک لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە و وڵاتانی ناوچەکە”ی زانی و جەختی لەوە کردەوە کە تاران “پەیوەندییە نزیکەکانی خۆی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە بۆ گەیشتن بە ئامانجە خوازراوەکان لەم کارەدا کەڵک لێوەردەگرێت.”

وەزیرەکەی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ ئەنقەرە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا وتووێژی کردووە و کۆبوونەوەکەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، 90 خولەکی خایاندووە و عەبدوڵڵاهیان رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەیاندا زۆربەی دۆسیەکان باس کراون.

گوتیشی: “ئێران و تورکیا دوو بەهێزترین رژێمی دیموکراسی ناوچەکە پێکدەهێنن”.

ئامادەکردن و مۆنتاژ: هۆزان زوبەیر