پارتەکەی ئۆردۆغان وەڵامی مەرجەکانی سوریا بۆ دانوسان دەداتەوە
دیمەشق- نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان لە تورکیا، لە وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی دیمەشقدا رایگەیاند، “تورکیا لە سوریادا زلهێزێکی داگیرکەر نییە و رێز لە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سوریا دەگرێت”.
گوتەبێژی پارتی دەسەڵاتداری “داد و گەشەپێدان” لە تورکیا، عومەر تشیلیک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “تورکیا وڵاتێکی داگیرکەر نییە لە سوریا و هەر لەسەرەتاوە رێز لە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی دەوڵەتی سوریا دەگرێت”.
تشیلیک وتیشی:”هەڕەشەی یەکەم و راستەقینە بۆ سەر لایەنی سوریا رێکخراوە تیرۆریستییەکانن نەک تورکیا”، ئاماژە بە پێویستی بەردەوامبوون لە پرۆسە سیاسییەکان و دامەزراندنی میکانیزمێکی راستەقینە بۆ کردەوەی هاوبەش لەگەڵ سوریا لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان”، وەک خۆی باسی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک ئامادەکارییە پێویستەکان تەواو دەبن، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات کۆدەبنەوە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ دیپلۆماسی و سیاسییەکان، جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی پابەندبوون بە ڕێڕەوی سیاسی کردەوە.