مەزڵوم عەبدی: شکستهێنانی تورکیا لە چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلی کورد لە تورکیا کاردانەوەی بۆ سەر سوریا دەبێت
قامیشلۆ- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەنەراڵ مەزلوم عەبدی رایگەیاند، پێویستە تورکیا واز لە سزادانی کوردەکانی سوریا و کورد لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا بهێنێت، بەهۆی شکستهێنانی لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا لە بەرێگەی دیموکراسی و ئاشتیانە.
لێدوانەکانی عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی “ئەلمۆنیتۆر”ی ئەمریکیدا هات، کە لەلایەن نۆرس پرێسەوە وەرگێڕدراوە، سەبارەت بە گەڕانەوەی تورکیا بۆ هەڕەشەکردن لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکوری سوریا.
عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، هەڕەشەکانی تورکیا بە جددی وەردەگرن، پێشبینیش دەکات ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە مانگی شوباتی داهاتوودا بێت و ئۆپەراسیۆنەکە شاری کۆبانی بکاتە ئامانج، بەو پێیەی ئەو شارە هێمایەک بۆ کورد پێکدەهێنێت.
عەبدی پێیوابوو کە هەڕەشەکانی تورکیا لە ئەنجامی هەوڵی سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان بوو بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان لە تورکیا لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە تورکیا.
عەبدی جەختی لەوەش کردەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەڕێوبەری خۆسەر لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا هیچ مەترسییەک بۆ سەر تورکیا و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دروست ناکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان خوازیاری “پەیوەندی ئاشتیانە لەگەڵ تورکیا”، هەروەها “هیچ نیازێکی دوژمنکارانەیان بەرامبەر تورکیا نییە، نە ئێستا و نە لە داهاتوودا”.
فەرماندەی گشتی “هەسەدە” ئاماژەی بەوەشکرد، “کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ تورکیا لە گۆڕەپانی سەربازی و دیپلۆماسیدا هەبووە، بەڵام کاتێک حکومەتی تورکیا بڕیاریدا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لەگەڵ پەکەکە و هەدەپە کۆتایی بە پرۆسەی ئاشتی بهێنرێت و بۆ دەستپێکردنەوەی ململانێکان دژ بە پەکەکە لە ساڵی 2015دا، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر دژایەتییان بەرامبەر بە ئێمەش هەبوو”.
جەنەڕاڵ عەبدی رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی لەنێوان ئەوان و پەکەکەی دوژمنی تورکیادا هەبێت و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم دووەمیان بەشدارییان لە شەڕی داعشدا کردووە.. بەڵام ئەمڕۆ ئەو پەکەکە هیچ رۆڵێکی لە بەڕێوبردنی ئێستای باکووری رۆژهەڵاتی سوریادا نییە.
عەبدی بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان نایانەوێت ببنە “قۆچی قوربانی” بەهۆی شکستی تورکیا لە چارەسەرکردنی کێشەکەی لەگەڵ کوردەکان لە تورکیا، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە سوریا بەدەست سیاسەتەکانی تورکیاوە دەناڵێنن لەم بوارەدا.
عەبدی وتی: تورکیا دەبێت واز لە سزادانی گەلەکەمان و کوردانی دیکە بهێنێت کە لە دەرەوەی سنوورەکانی دەژین، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە بە رێگەی دیموکراسی و ئاشتیانە کێشە کورد لە وڵاتەکەی چارەسەر بکات.
سەبارەت بە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، عەبدی ئاماژەی بەوەدا کە هەڵوێستی ئەمریکا روونە و هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی رەتدەکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامی هەڕەشەکانی تورکیا ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بەس نییە و دەبێت گوشاری زیاتر بکرێت.
فەرماندەی گشتی “هەسەدە” جەختی لە خواستی ئاشتی و لە هەمان کاتدا ئامادەییان بۆ شەڕکردن تا کۆتایی لە ئەگەری هێرشکردنە سەریان کردەوە.
سەبارەت بە داواکارییەکانی تورکیا بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بچنە دەرەوە هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی لەگەڵ دیمەشق، عەبدی وتی، “تورکیا هەوڵدەدات، بە نێوەندگیری رووسیا، هاوپەیمانییەک لە دژی ئێمە زیندوو بکاتەوە و رێککەوتنەکانی ئەدەنە کارا بکاتەوە و فراوانتری بکات”.
عەبدی هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق وەک هەڵمەتێکی هەڵبژاردن و هەروەها ئاراستەکردنێک لەلایەن دامەزراوەی ئەمنی لە تورکیادا دەبینی.
هەروەها باسی لەوەش کرد کە پرسی کورد لە تورکیا، یان سوریا و لە هیچ شوێنێکی تردا بە دیالۆگ نەبێت چارەسەر ناکرێت، ئاماژەی بە سەقامگیری دۆخی تورکیا و سوریا کرد لە کاتی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا پێش ساڵی 2015.
عەبدی ئەگەری سەرکەوتنی رووسیای لە هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا رەتکردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی دیمەشق دەستبەرداری ئەو داوایەی هێزەکانی تورکیا بۆ چوونەدەرەوەی سوریا و راگرتنی پشتیوانی تورکیا بۆ ئۆپۆزسیۆنی چەکدار نابێت .
عەبدی پێیوابوو دیمەشق وەڵامی داواکارییەکانی ئەنقەرە ناداتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەڕێوبەری خۆسەر لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، ئەمەش بەهۆی کەمی تواناکانی ئەم دووەمیان بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو کارە بکات، جگە لەوەی کە هەلومەرجەکان لەبار نین بۆ ئەو جۆرە پلانانە.