بارزانی و مەکگۆرک دۆسیە جیاوازەکان و پەیوەندییەکانی کورد و عێراق تاوتوێی دەکەن

هەولێر- نۆرس پرێس

شه‌وی دووشه‌ممه‌، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان پێشوازى له‌ برێت مەکگۆرک، نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری ‏رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا كرد كه‌ به‌ ياوه‌ريى شاندێكى باڵاى وڵاته‌كه‌ى ‏سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان کرد.

بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان،چەندین دۆسیەی جیاواز، لە نێویاندا دوايين پێشهاته‌ سياسييه‌كانى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر – به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دۆخى ‏نێوخۆیى هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى يه‌كخستنى پێشمه‌رگه‌یان تاوتوێ كرد.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مه‌كگۆرک به‌رده‌واميى پشتيوانيى ئه‌مريكاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و خواستى ‏وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ولێر و فراوانكردنى هاريكاريى ‏هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپاتكرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بواری وزه‌ و پاراستنی ئاسایشی وزه‌دا.

لاى خۆيه‌وه‌، نێچيرڤان بارزانى باسى دۆخى عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان و هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی بۆ مەکگۆرک كردووە و رایگەیاندووە، “له‌گه‌ڵ ‏دامه‌زرانى حكومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراق، ده‌رفه‌تێک بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر ‏بنه‌ماى ده‌ستوور و فيدراڵى هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌موو ‏هاوكارييه‌ک ئاماده‌يه‌.”

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گرنگیی پێکه‌وه‌کارکردن بۆ پاراستنی سه‌قامگیری، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ‏ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ ژماره‌يه‌ک له‌ به‌رپرسان و ڕاوێژكارانى هه‌ردوولا ‏ئاماده‌ى بوون.