هەسەدە: ئامادەیی ئەمنیمان لە گەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا لە رۆژئاوای کوردستان چڕدەکەینەوە
حەسەکە- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات، رایانگەیاند، لە گەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا ئامادەیی ئەمنی خۆیان لە بنکەکانی سەرتاسەری رۆژئاوای کوردستان زیاد دەکەن.
فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە زنجیرە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، “راپۆرتەکان ئاماژە بە زیادبوونی مەترسییەکانی ناوچەکە دەکەن لە چەند هەفتەی داهاتوودا”.
“شامی” سەرچاوەی ئەو هەڕەشانەی نەخستەڕوو، هاوکات رایگەیاند کە هێزەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی “ئامادەین بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشە نوێیانە و هەرچی لەوبارەوە پێویست بکات دەیکەین”.
دوێنێ یەکشەممە، نۆرس پرێس چاودێریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد کە هێزێکی سەربازیی گەورەیان دەهێنا، کە لە نزیکەی 50 بارهەڵگردەبوون و کەرەستەی لۆجستی و سەربازی لەخۆدەگرت، گواستیانەوە بۆ سەربازگەی خۆیان لە شارۆچکەی شەدادی لە باشووری حەسەکە.
رۆژی 29ی کانونی یەکەم، “هەسەدە” و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنی “رەشەبای جەزیرە”یان دژی شانەکانی داعش لە گوندەواری حەسەکە و قامیشلۆ دەستپێکرد، ئۆپەراسیۆنەکە نزیکەی 10 رۆژی خایاند، بە دەستگیرکردنی 154 کەسی ئەندامی شانەکانی رێکخراوەکە کۆتاییهات، دوای زیادبوونی چالاکییەکانیان لە ناوچەکەدا.