جیهادییەکان 50 ژن لە بورکینیافاسو دەڕفێنن

دیمەشق- نۆرس پرێس

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان، بە گێڕانەوەی بەرپرسانی ناوخۆیی لە بورکینافاسۆ، پێدەچێت “جیهادیەکان”ی پەیوەست بە ئەلقاعیدە یان دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” نزیکەی 50 ژنیان لە گوندەکانی باکووری ئەو وڵاتە ئەفریقییە رفاندبێت.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ئەو کەسانەی کە گومانلێکراون “جیهادیەکان” لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا ئەو ژنانەیان رفاندووە لە بەشێکی باکووری بورکینافاسۆ کە “بەردەوام روبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە”.

ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەشێکی زۆری ئەو ژنانە توانیویانە هەڵبێن و بگەڕێنەوە گوندەکانیان.

لە ساڵی 2015ەوە ئەم وڵاتەی رۆژئاوای ئەفریقا -کە یەکێکە لە هەژارترین و ناجێگیرترین وڵاتانی جیهان- رووبەڕووی هێرشی چەکدارانی قاعیدە و رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بووەتەوە و بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس کوژراون و نزیکەی دوو ملیۆن هاونیشتیمانی وڵاتەکەش ئاوارەبوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی ملیۆنێک کەس لە ناوچە گەمارۆدراوەکان لە باکور و رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەژین.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر