گوندەواری عەفرین..گروپێکی سەر بە تورکیا درەختە زەیتوونەکان دەبڕنەوە

عەفرین – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە،گروپی “محەمەد ئەلفاتح”ی سەر بە تورکیا، 15 درەختی زەیتونیان بۆ دانیشتوویەکی گوندی ئەلشێخ لە ناحیەی راجو لە گوندەواری عەفرین، بڕییەوە.

سەرچاوەیەکی ناوخۆیی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەندامانی گروپەکە 15 درەختی زەیتونیان بڕییەوە کە “محیەدین ئەلشێخ”ی دانیشتووی گوندەکە خاوەندارێتی دەکرد.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، چەکدارەکان درەختە زەیتونە بڕاوەکانیان کۆکردۆتەوە و دواتر گواستیانەوە بۆ بازاڕەکانی ناوچەکە بۆ فرۆشتن.

رۆژی 8ی ئەم مانگە، گروپەکانی سەر بە تورکیا، 87 داری زەیتونیان بڕییەوە کە هی دانیشتوانی رەسەنی عەفرین بوون.

بەمەش ژمارەی ئەو درەختانەی لەماوەی ئەمساڵدا لەلایەن گروپەکانی لایەنگرەکانی تورکیاوە، بەمەبەستی فرۆشتنیان بڕدراون. بوون بە 102 درەخت.

شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، لە مانگی ئازاری 2018ەوە لە ژێر کۆنترۆڵی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیادایە.

ئامادەکردنی: فاروق حەمۆ – داڕشتنەوەی: زانا ئەلعەلی