کوژران و برینداربوونی نزیکەی 80 کەس لە هێرشێکی موشەکی رووسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، لە هێرشێکی مووشەکی رووسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری دنیپرۆ لە بەشی باشووری ناوەڕاستی وڵاتەکە، کرایە ئامانج و بەهۆیەوە 14 کەس کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون.
دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا رایانگەیاند، ئامانجی هێرشەکە ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا بووە و درێژەپێدەری “ستراتیژی”ی رووسیایە بۆ ئەوەی وڵاتەکە بێ کارەبا بکات و توانای شەڕکردنی کەم بکاتەوە.
مووشەکێک بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی نۆ نهۆمی لە شاری دنیپرۆ کەوت و تەواوی بەشێکی بیناکە تێکشکێندرا.
میدیاکانی ئۆکرانیا و ئەوروپی دیمەنی باڵەخانە وێرانبووەکە و تیمەکانی فریاگوزارییان پیشان دا کە هەوڵی دەرهێنانی تەرمەکان و راکێشانی رزگاربووان لە ژێر داروپەردووەکان دەدەن.
ڤالێنتین ڕێزنیچێنکۆ، پارێزگاری دنیپرۆ لە ڕێگەی تێلێگرامەوە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا لانیکەم 14 کەس کوژراون کە کچێکی تەمەن 15 ساڵان لە نێویاندا هەیە و 64 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو بریندارەکاندا حەوت منداڵ هەبوون کە بچووکترینیان تەمەنی سێ ساڵ بووە، تا ئێستا 38 کەس لەژێر داروپەردوو رزگارکراون لەکاتێکدا گەڕان و پشکنین بەردەوامن.