مەزڵوم عەبدی پێشوازی لە هەڵوێستی میسر و سعودیە دەکات بەرامبەر بە هەڕەشەکانی تورکیا

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، مەزلوم عەبدی، سەرکردەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، پێشوازی لە هەڵوێستی دەوڵەتانی میسر و سعودیە کرد بۆ رەتکردنەوەی هەڕەشەی سەربازی بۆ سەر سوریا .

پێنجشەممەی رابردوو، دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات، راگەێنراوێکی هاوبەش لەلایەن کۆماری میسر و شانشینی سعودیەوە بڵاوکرایەوە، تیایدا جەختیان لە پشتیوانیکردن لە سەربەخۆیی سوریا و یەکپارچەیی خاکەکەی و رەتکردنەوەی هەڕەشەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا کردەوە بۆ سەر ئەو وڵاتە.

عەبدی لە تویتێکدا لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند: پێشوازی لە هەڵوێستی سعودیە و میسر دەکەین، کە تیایدا هەردوو وڵات هەر هەڕەشەیەکی سەربازیان بۆ سەر خاکی سوریا رەتکردەوە.

عەبدی بانگەوازی خۆی بۆ پێویستی هەنگاونان بەرەو پێشەوە لە پرۆسەی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا نوێکردەوە.

تورکیا لەم دواییانەدا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستپێکردووە، ئەویش دوای ئەوەی مانگی تشرینی دووهەمی ساڵی رابردوو ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی دەستپێکرد کە دەیان شوێن و دامەزراوەی خزمەتگوزاری و ژێرخانی بەدرێژایی سنوورەکانی تورکیا کردە ئامانج.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەدنان حەمۆ