کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەک بە 72 سەرنشینەوە لە نیپاڵ
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر بە 72 سەرنشینەوە لەسەر رێڕەوی فڕین لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پۆخارا لە نیپاڵ کەوتەخوارەوە.
گوتەبێژی هێڵی ئاسمانی (یێتی) نیپاڵی لەبارەی رووداوەکەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لەنێو فڕۆکەکەدا 68 گەشتیار و 4 کارمەندی فڕۆکەوانی هەبوون، فڕۆکەکە لە نێوان فڕۆکەخانەی کۆن و نوێی پۆخارا لە ناوەڕاستی نیپاڵ کەوتەخوارەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگری شارستانی لە رێگادان بەرەو شوێنی رووداوەکە و هێشتا نازانرێت کە رزگاربوو هەیە یان نا.
چەند دیمەنێک لەدوای رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە کە تێیدا دەردەکەوێت فڕۆکەکە دوای کەوتنە خوارەوە گڕی گرتووە و ئاگر و دووکەڵی لێ بەرزدەبێتەوە.
فڕۆکەکە لەنێوان فڕۆکەخانەی کۆن و فڕۆکەخانەی نوێی پۆخارا لە نێوەڕاستی نیپاڵ کەوتووەتە خوارەوە.