لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دوو گەنجی کوردی عەفرین دەسگیردەکەن

عەفرین – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا لە عەفرین دوو گەنجی کوردیان دەستگیرکرد کە یەکێکیان دەسەڵاتدارانی تورکیا دیپۆرتیان کردبووەوە و ئەوی تریان بە تۆمەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەڕێوبەری خۆسەر، دەسگیرکرابوو.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی لایەنگری تورکیا، (جومعە حوسەری 36 ساڵ)یان دەستگیرکرد، کە خەڵکی گوندی “بەسوتە”یە لە باشووری رۆژهەڵاتی عەفرین، دوای چەند رۆژێک دوای ئەوەی بە زۆرەملێ لە تورکیاوە بۆ شارۆچکەکەی خۆی لە قەزای شێراوە، باکووری شاری حەلەب، دیپۆرت کراوەتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەو سەرچاوەیە وتیشی، گروپە چەکدارەکان ئەو گەنجێکی دیکەیان بە ناوی (محەممەد عەبود 25 ساڵ) دەستگیرکردووە، کە خەڵکی عەفرینە، بە تۆمەتی ئەنجامدانی خزمەتی سەربازی لە سەردەمی بەڕێوبەری خۆسەریدا.

ئەو دوو گەنجە بە ناوەکانی جومعە و عەبود گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە، بەپێی هەمان سەرچاوە.

شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی 2018ەوە لە ژێر کۆنترۆڵی گروپە چەکرادەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیادایە، لە کاتی لەشکرکێشییەکی زەمینی تورکیا بە بەشداری هەزاران چەکداری ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سەر بە تورکیا، داگیریان کرد.

ئامادەکردنی: فاروق حەمۆ – داڕشتنەوەی: زانا ئەلعەلی