لەگەڵ ده‌نگۆی ئاساییبوونەوەی په‌یوه‌ندییه‌كانی سوریا و تورکیا.. وەزیری دەرەوەی ئێران گه‌یشته‌ دیمەشق‌

دیمەشق – نۆرس پرێس

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای کۆتایی هاتنی سەردانەکەی بۆ لوبنان ئێوارەی، ئه‌مڕۆ شەممە گەیشتە دیمەشقی پایته‌ختی سوریا.

ئاژانسی هەواڵی “سانا”ی فەڕمی ڕایگەیاندووە، عەبدوڵڵاهیان بە سەرۆکایەتی شاندێکی “باڵا” سەردانی دیمەشقی كرد، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسانی سوریا، سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسەکانی بەرژەوەندی هاوبەش و دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.

ئەم سەردانە لە كاتێكدایه‌ کە پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانێکی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەی بۆ سوریا و تورکیا “لە داهاتوودا” ڕاگەیاند.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا، عەبدوڵڵاهیان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، سەردانەکەم بۆ ڕاوێژکاری زیاترە لەگەڵ سەرۆک بەشار ئەسەد و وەزیری ده‌ره‌وه فه‌یسه‌ل‌ مقداد سەبارەت بە پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و تاوتوێکردنی پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.

ڕۆژی هەینی عەبدوڵڵاهیان له‌ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا لوبنانییەکەی سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران بۆ دانوستانەکانی تورکیا و سوریا، ڕایگه‌یاند “پێشوازی دانوستانەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هه‌ردوو وڵات دەکەین، و پێمان وایە کە دانوستانەکان دەتوانن ڕەنگدانەوەی ئەرێنییان هه‌بێت لەسەر بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات”.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: سۆزدار محمه‌د