پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا دان بە جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان لە عێراقدا دەنێن
ههولێر – نۆرس پرێس
ئهندامانی پەرلەمانی ئەڵمانیا پشتڕاستیان کردەوە کە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٢٠١٤ لە دژی ئێزیدییەکان لەسەر دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی “داعش” لە عێراق، جینۆسایدە.
دێریا تورک ناچپور پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا رایگەیاند، سێ گروپە پەرلەمانییەکەی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران رێککەوتوون لەسەر پێشنیازێک بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان، و بەنیازن رۆژی پێنجشەممە 19ی کانوونی دووەم پێشنیازەکە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بیخەنەڕوو.
بەگوێرەی رەشنووسی بەیاننامەکە کە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە، تاوانەکانی دژ بە ئێزیدییەكان بەجینۆساید دەناسێنن، ئەمەش دوای هەڵسەنگاندنی یاسایی لەلایەن لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، دوای هەنگاوی هاوشێوەی ھۆڵەندا و بەلجیکا و ئوستراڵیا.
لە کاتی پەلاماردانی شنگال لەلایەن داعشەوە، بە توندترین و دڕندانەترین شێوە کوردانی ئێزدی کەوتنە بەر شاڵاوی جینۆسایدکردن و 6417 کوردی ئێزدی و لەلایەن چەکدارانی ئەو رێکخراوە رفێندران.
بههاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێكخراوهكان و هۆزهكان تا ئێستا توانراوە 3562 کەسیان رزگاربکرێت و ئەوانی دیكه تا ئێستاش بێ سەروشوێنن.
هەروەها بەشێکیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا کۆمەڵکوژ و جینۆسایدکران، کە تا ئەمڕۆ 83 گۆڕی بە کۆڵ دۆزراونهتهوه و لەگەڵ ئەوەش دا داعش 68 مەزارگە و پەرستگای تایبەت بە کوردانی ئێزدی لەناوبردن و وێرانیانکردن.
لە کۆمەڵکۆژییهكهی شنگال دا، 2745 منداڵ بێ دایک و باوک ماونهتهوه، لەگەڵ ئهوهشدا نزیکەی 400 ههزار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون و تائێستاش زۆربەی هەرە زۆریان نهگهڕاونهتهوه و لەژێر چادری کەمپەکان لە ژیانێکی سەخت دا ژیانیان بەسەردەبەن.