هەسەدە کوژرانی دوو ئەندامی داعشیان لە دێرەزوور راگەیاند
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژرانی دوو ئەندامی شانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور راگەیاند.
ئەمەش بەپێی ئەوەی لە روپەڕی فەرمی “هەسەدە” بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئۆپەراسیۆنەکانی بەدواداچوون و هەڵکوتانە سەر حەشارگەکانی “داعش”یان چڕکردووەتەوە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات وتیان: “رۆژی 10ی کانوونی دووهەم، یەکینەکانی دژە تیرۆر (YAT)ی سەر بە هێزەکانمان، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە دژی شانەیەکی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرزوور، ئەنجامدا”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداری و پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە، “وەک هێزەکانمان شانەیەکی تیرۆریستی رێکخراوە تیرۆریستییەکەیان لە ناحیەی سەبخا لە گوندەواری دێرەزوور دەستنیشانکرد، کە چالاک بوون لە پاڵپشتیکردنی تیرۆر و بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان لە دێرەزوور”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بانگەوازێک ئاراستەی شانەکە کراوە بۆ ئەوەی خۆیان رادەست بکەن، بەڵام ئەوان بانگەشەکەیان رەتکردوەتەوە، ” ئەندامێکیان هەوڵیداوە هەڵبێت، لەکاتێکدا ئەوی دیکەیان کە لەناو ماڵەکەوە دەستیکردووە بە تەقەکردن و بەرگریکردن، ئەمەش وایکردووە هێزەکانمان روبەڕوویان ببنەوە و هەردووکیان بکوژن”.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا ژمارەیەک چەک و کەرەستەی سەربازی دەستیان بەسەرداگیراوە.