هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ماوەی پشووی وەرزی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی هاتووە، بڕیارە دانیشتنەکانی ئەنجومەنەکە دەستپێبکاتەوە، ئەگەری زۆرە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە.

تا ئێستا بە فەرمیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وادەی دانیشتنی وەرزی نوێی پەرلەمانی دیارینەکردووە.

لەو بارەیەوە ئەندامێکی هاوپەیمانیی فەتح کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە میدیایی عێراقی راگەیاندووە، “ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی بە پشووی یاسادانان هێنا، لیژنەکانی پەرلەمان دەستیان بە کارەکانیان کردووە، هەروەها کار هەیە بۆ چالاککردنی میوانداریکردنی بەرپرسان و گفتوگۆکردن لەسەر یاساکان، کە دەبێت لە خولی نوێی یاساداناندا دەربکرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بە ئەگەری زۆر لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دانیشتنی وەرزی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدەدرێت.