رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی داوای ڕاگرتنی سزای سێدارەدانەکان لە ئێران دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنیستی ئەنتەرناشناڵ)، لەبارەی مەترسی جێبەجێکردنی سزای سێدارەدانی ئەمدواییە لە ئێران، هۆشداریی دەدات و داوای راگرتنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکان لە ئێران دەکات.

لە راگەێنراوێکدا رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی وێڕای ئیدانەکردنی تاوانی لەسێدارەدانی دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەكان لە ئێران، جێبەجێکردنی سزای سەر “محەمەد مەهدی کەرەمی” و “محەمەد حسێنی” بە مەترسییدار و دڕندانە باسدەکات.

سەبارەت بە مەترسی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی “محەمەد قوبادلوو”، کە لە دەستگیرکراوانی سەرهەڵدانەکانی کەرەجن، هۆشداریی دەدات.

لێبووردنی نێودەوڵەتیی، لە ماڵپەڕی فەرمی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بەشێک لە قسەکانی دایکی “محەمەد قوبادلوو”ی بڵاو کردووەتەوە، کە لە بەردەم گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، بۆ ڕزگاری کوڕەکەی  داوای بە هاناوەچوون لە ڕای گشتیی دەکات و دژی نادادیی دەزگای قەزایی ڕژێمی ئێران قسە دەکات.

هەروەها وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە مەترسی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی “محەمەد قوبادلوو” داوا لە حکومەتی ئێران کراوە دەستبەجێ سزای لە سێدارەدانی دەستگیرکراوانی سەرهەڵدانەکان ڕابگرێت.

دایانا ئەلتەحاوی، بریکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقای، لێبوردنی نێودەوڵەتی، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، کاربەدەستانی تاران بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان، پەنا بۆ هەر کردەوەیەکی نامرۆڤانە و بێزارکەر دەبەن و درێژە بە سیاسەتی سەرکوت و کوشتنی هاوڵاتیان دەدەن.