سودانی بەرەو ئەڵمانیا بەڕێکەوت

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێگەی سەرۆکاوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، بە سەردانێکی فەرمی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومەت، بەغدای پایتەختی بەجێهێشت و بەرەو ئەڵمانیا بەڕێکەوت.

روپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق بڵآویکردوەتەوە کە “ئەم سەردانە لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەکی فەرمیدا دێت لە ڕاوێژکاری ئەڵمانیاوە و لە چوارچێوەی پەیوەندییە جیاوازەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا و بەمەبەستی بەهێزکردنی ئەو پەیوەندیانە دەبێت”.

سودانی لە لێدوانێکدا پێش رۆیشتنی دووپاتی کردەوە کە سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا چەند هەفتەیەکە ئامادەکاری بۆکراوە، لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانی نێوان هەردوولا و “جیاوازە لە سەردانەکانی پێشووی بەرپرسانی پێشوو چونکە پلانی کاری هاوبەش لەخۆ دەگرێت لە نێوان هەردوو وڵاتدا، و یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن کە دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێن بە گوێرەی رێککەوتنە داراییە تەرخانکراوەکان.”

ئاماژەی بە بابەتگەلێکی گرنگی پەیوەندیدار کرد بە کارەباوە، وتی “ئەمە وەک یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکرێت کە ئەو بڕگانە لەخۆدەگرێت کە نیشانەی پلانێکی ئومێدبەخشن بۆ پێشخستنی کەرتی کارەبا لەگەڵ کۆمپانیای سیمێنس، لە بواری بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردندا.”

روونیشی کردەوە کە یاداشتەکە گرێبەستێکی درێژخایەن لەخۆدەگرێت بۆ کارەکانی نۆژەنکردنەوە و چاکسازی، تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی ئەم لایەنە بوونەتەوە، هەروەها دەبێتە هۆی پاشەکەوتکردنی تێچوونەکان بەڕێژەی نزیکەی 20% و دەستەبەرکردنی رەوتی کارەکانی چاکسازی و مانەوەی وێستگەکان بەشێوەیەکی ئاسان لە توانای دیزاینی تەواویان.

سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە لە میانی سەردانەکەدا دەرفەتی گرنگ دەخرێتەڕوو لە بواری پەیوەندیدار بە غازی سروشتی، هەروەها دەرفەتی دیکە لە کەرتی پترۆکیمیایی، گۆڕانی کەشوهەوا گرنگی پێدەدرێت، هەروەها دەستپێشخەری و بەرنامە لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی دەخرێتەڕوو، راهێنانی پیشەیی و خوێندنی باڵا، هاوکاری دارایی و بانکی، “بەم شێوەیە بەشداریکردن لە گەشەپێدانی ئابووری و دابینکردنی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ کۆمپانیاکان و کەرتی بازرگانی”.

لە سەردانەکەیدا زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا و لەگەڵ کۆمپانیا ئەڵمانییەکان ساز دەکات.