ئیسپانیا دوو ژنی زیندانی کرد کە بەم دواییانه لە ڕۆژئاوای كوردستان گەڕاونەتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، دادگای باڵای ئیسپانیا دوو ژنی ئیسپانی زیندانی کرد کە له سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە کەمپی ڕۆژی ڕۆژئاوای كوردستان گەڕێندرانەوە وڵاتەکەیان.
ڕۆژی سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا گهڕانهوهی دوو ژن و 13 منداڵ، كه خێزانی ئەندامانی داعشن بۆ وڵاتەکەی ڕاگەیاند، ئهویش دوای ئەوەی شاندێکی وەزارهتی دهرهوهی ئهو وڵاته لەگەڵ فهرمانگهی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بهڕێوهبهرایهتی خۆسەری له ڕۆژئاوای كوردستان كۆبونهوه .
لەگەڵ گەیشتنیان، پۆلیسی ئیسپانیا ئەو دوو ژنەیان دەستبەسەر کردووە و لێكۆلینهوهیان دهستپێكرد، و بردییانه بەردەم دادگای باڵای نیشتمانی، و منداڵەکانیش گواسترانهوه بۆ خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان چاودێریکردنیان.
بڕیاری دادگا بۆ زیندانیکردنیان وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی هات، لە کاتێکدا داواکارانی گشتی لێکۆڵینهوهیان دهسپێكردووه کە ئایا پەیوەندییان لەگەڵ داعش هەیە یان نا.
ئیسپانیا زۆرێک لهو ژن و منداڵه ئیسپانییانه گهڕاندۆتهوه کە لهگهل هەزاران هاوڵاتی بیانی لە کەمپە قەرەباڵغەکانی ڕۆژئاوای كوردستان دەژین، ئەمەش دوای کۆتایی پێهاتنی خەلافەتی بهناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٩.
دادوەری ئیسپانیا سانتیاگۆ پێدراس بڕیاری زیندانیکردنی یۆلاندا مارتینێز و لونا فێرناندێزی دەرکرد تا لێکۆڵینەوەی زیاتر ئەنجام بدرێت.
بهپێی دادگای باڵای ئهم وڵاته، ئەو دوو ژنە هاوكاری ڕێكخراوی داعشیان كردووه، دواتر، لە ساڵی 2014 لەگەڵ هاوسەرەکانیان ڕوویان لە سوریا و عێراق کردووە.
ئەمەریکا پێشوازی لە گەڕانەوەی هاووڵاتیانی ئیسپانیا لە ڕۆژئاوای كوردستان کرد، و لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە، گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی ڕەسەنی خۆیان ڕێگەچارەی بەردەوامە بۆ دۆخی مرۆیی و ئەمنی لە کەمپی هۆل.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای شکست پێهێنانی بەناو “خەلافەت”، داعش هێشتا مەترسی لەسەر ناوچەکە و هەزاران دانیشتووی کەمپی ئاوارەکانی دروستكردووه.
ئەمەریکا داوای لە هەموو حکومەتەکان کرد کە نمونەی ئیسپانیا پەیڕەو بکەن و هاووڵاتیانیان بە تایبەت ژنان و منداڵان بگەڕێننەوە وڵاتەکانیان.