ئەنقەرە و بەغدا تاوتوێی دۆسیەی ئاوی و ئابووری و ئاسایش دەکەن

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفویدا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت پشکی عێراق لە ئاوەکانی دیجلە و فورات مسۆگەر بکەن، هاوکات تاوتوێی “هاوکاریی ئاسایش و ئابووری”یان کرد.

لە راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆک کۆماری تورکیاوە پێگەیشتووە و “تەواوی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کراوە”.

راگەێنراوەکە دەشڵێت “باسیان لە ئامرازەکانی پەرەپێدانی هاوکاری ئابووری و هەوڵی هاوبەش کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورە هاوبەشەکان و هەماهەنگی بۆ بەدواداچوونی تیرۆر لە سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات “.

هەروەها بەپێی راگەێنراوەکەی حکومەتی عێراق، لە پەیوەندیەکەدا باس لەم تەوەرانە کراوە، “دەستەبەرکردنی پشکی عێراق لە ئاوەکانی دیجلە و فورات، بەردەوامبوونی هاوکارییەکان لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان، و بەشداری کۆمپانیا تورکییەکان لە ژێرخانی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەدا لە عێراق “.

پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق لە پاشخانی پێشێلکارییەکانی تورکیا و بۆردومانی بەردەوامی ناوچە سنوورییەکان و ناوچە سنوورییەکانی دیکە لە قووڵایی خاکی عێراقدا، جۆرێک لە گرژییان لە نێوانیاندا دروستکردووە.

سودانی بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە ئەردۆغانەوە وەرگرت بۆ سەردانی تورکیا، هەروەها بانگهێشتی بەشداریکردن لە “کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتالیا”ی کراوە.

پێش ئەوە، سودانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی “بلید”ی ئەڵمانی، رایگەیاند کە عێراق نابێتە بەشێک لە سیاسەتی میحوەرەکان، هەروەها حکومەتەکەی پشتگیری لە یەکگرتنی بۆچوونەکان دەکات لە ناوچەکەدا بۆ لابردنی گرژییەکان.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر