بایدن رەتیدەکاتەوە ئاگاداربێت لە بوونی دۆسیەی نهێنی لە نوسینگەی پێشویدا

دیمەشق – نۆرس پرێس

دۆزینەوەی ژمارەیەک بەڵگەنامەی نھێنی لە نوسینگەی سەرۆکی ئەمریکا، مشتومڕی زۆری لەناوخۆی ئەو وڵاتە دروستکردووە، جۆ بایدنیش دەڵێت، ئاگاداری ئەو بەڵگەنامانە نییە.

تۆڕی “سی ئێن ئێن”ی ئەمریکی ئاشکرایکرد، 10 بەڵگەنامەی نھێنی لە نوسینگەی تایبەتی جۆ بایدن دۆزراونەتەوە، کە ماوەکەیان بۆ ساڵانی نێوان 2013 بۆ 2016 دەگەڕێتەوە کە ئەوکات جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە.

جۆ بایدن کە ئێستا بە سەردانێک لە مەکسیکە، لەبارەی دۆزینەوەی “بەڵگەنامەی نھێنی” لە نوسینگەکەیدا رایگەیاند، تووشی شۆکبووە کاتێک لەو بابەتە ئاگادارکراوەتەوە و ناشزانێت بەڵگەنامەکان چیان لەخۆگرتووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی سی ئێن ئێن، بەڵگەنامەکان پەیوەندیدارن بە چەند یاداشتێکی ھەواڵگریی تایبەت بە ئۆکراین و ئێران و بەریتانیا.

دۆزینەوەی ئەو بەڵگەنامانە بە دەستپێکردنی قۆناغێکی تر لە شەڕی بەڵگەنامەکان لە ئەمریکا دادەنرێت، لە ماوەی رابردووشدا ژمارەیەک بەڵگەنامە لە ماڵی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆزرانەوە و بەھۆیەوە ترامپ روبەڕوی لێکۆڵینەوە بووەوە، چاوەڕواندەکرێت بایدنیش روبەڕوی لێپرسینەوە ببێتەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر