بەڕێوبەری خۆسەری دوو ژن و 13 منداڵی ئیسپانی رادەستی وڵاتەکەیان دەکاتەوە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، دوو ژن و 13 منداڵی ماڵباتەکانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” کە رەگەزنامەی ئیسپانییان هەیە، رادەستی حکومەتی وڵاتەکەیان کردەوە.
ئەمەش لە پەراوێزی سەردانەکەی شاندێکی ئیسپانیادا هات بۆ رۆژئاوای کوردستان، بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکارێک لە وەزارەتی دەرەوە، گیلەرمۆ ئەنگوێرا، بەپێی ماڵپەڕی فەرمی بازنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەر.
لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و کۆمیسیۆنی ژنان و فەرمانگەی یەکینەکانی پاراستنی ژنانەوە “یەپەژە” پێشوازی لە شاندی ئیسپانیا کرا.
لە میانی دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە بارودۆخی سیاسی سوریا و پێویستی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا بەگوێرەی بڕیارنامەی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان و دۆخی مرۆیی و ئابووری و ئەمنی ناوچەکە کرد.
فنەر گەعید، جێگری هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوە وتی: بەڕێوبەری خۆسەر دیالۆگی نیشتمانی سوریا بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و چارەسەری سیاسی پەسەند دەکات.
دووپاتیشی کردەوە کە نزیکبوونەوەی سوریا و تورکیا لە بەرژەوەندی سوریەکان نییە، “هەڕەشەی تورکیا بۆ داگیرکردنی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کارەساتێکی نوێی مرۆیی لێدەکەوێتەوە و پێچەوانەی ئیرادەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا”.
ئەو بەرپرسە لە بەڕێوبەری خۆسەر روونیشیکردەوە، “بەردەوامی داخستنی دەروازەی تل کۆچەر دەرئەنجامە ئابووری و مرۆییەکان زیاد دەکات، هەروەها نادادپەروەرییە بەرامبەر بەو ملیۆنان کەسەی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەژین”.
لە بەرامبەردا ئەنگوێرا جەختی لە رۆڵی ئیسپانیا کردەوە لە پاڵپشتیکردنی بەڕێوبەری خۆسەر لە هەموو لایەنە مرۆیی، ئابووری و ئەمنییەکان لە رێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە، بەپێی وتەکانی.