بە پاڵپشتی کوەیتی و هەماهەنگی تورکی.. بنیاتنانی سێ ئۆردوگای نوێ لە عەفرین
عەفرین – نۆرس پرێس
رێکخراوە تورکی و خۆجێیەکانی سوریا، بە پاڵپشتی کوەیت، قەتەر و فەڵەستین، بەردەوامن لە دروستکردنی ئۆردوگای نیشتەجێبوونی نوێ لە چەند ناوچەیەک لە گوندەوارەکانی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
سەرەڕای راگەیاندنی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی کوەیت، لە 12ی کانونی یەکەم، بۆ راگرتنی سەرجەم پڕۆژە بیناسازییەکانی پەیوەست بە سوریا، پاڵپشتی کوێت بۆ نیشتەجێبوون لە عەفرین بەردەوامە.
سەرچاوە تایبەتەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، بە پاڵپشتی و هەماهەنگی تورکیا، رێکخراوی فریاگوزاری جیهانی سەر بە ئەنجوومەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی لایەنگری تورکیا”ئەنسەر” ماوەی مانگێکە کاردەکات بۆ دروستکردنی سێ ئۆردوگای نیشتەجێبوون لە (حەرش ئەلخالیدییە و جەبەل ئەلئەحلام) لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری عەفرینی داگیرکراو.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو سێ ئۆردوگا نوێیە کە لە نزیکەی 400 شوقە پێکهاتووە، نزیکە لە تەواوبوون بۆ رادەستکردنی بە دانیشتوانی گوندەوارەکانی حەلەب و دیمەشق.
هەفتەی رابردوو بەناو “تیمی زێدی ئیدلب”، بە پاڵپشتی فەلەستین، گوندی نیشتەجێبوونی “ئەجنادین”، کە پێکهاتووە لە نزیکەی 50 شوقە، لە ناحیەی جەندەرێس، لە رۆژئاوای عەفرین، کردەوە، دوای چەند رۆژێک، رێکخراوێکی تورکی رادەستی ئەو گوندە کرد کە زیاترە لە 40 ماڵ بۆ دانیشتووانی قەزای شاران، لە رۆژهەڵاتی عەفرین.
ژمارەی ئەو ئۆردوگانە کە لەلایەن رێکخراوەکانی تورکی، کوەیتی، فەلەستینی و قەتەرییەوە لە ناوچەی عەفرین دروستکراون، نزیکەی 21 گوندە، کە لە ناوچەکانی شاران، شێخ حەدید (شایە)، جەندیریس، بولبول و راجوی نزیک شاری عەفرین دابەشکراون، بەپێی زانیارییەکانی نۆرس پرێس و تۆڕی پەیامنێرەکانی.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی سوریا و رێکخراوە نێودەوڵەتی کوەیتیەکان بەوە تۆمەتبار دەکرێن، لە رووی داراییەوە پاڵپشتی ئەو رێکخراو و کۆمەڵانە دەکەن کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات بۆ دروستکردنی ئۆردوگای نیشتەجێبوون لەو ناوچانەی کە کۆنترۆڵی کردوون لەگەڵ گروپە دڵسۆزەکانی ئۆپۆزسیۆن.