بە هۆی دزینی محاویلە و کێبڵەوە لە حەسەکە کارەبا لە دانیشتوانی شارەکە دەبچڕێت
حەسەکە – نۆرس پرێس
لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کەسانی نەناسراو محاویلە و کێبڵی کارەبایان دزیوە و بەهۆیەوە کارەبا لە سەدان ماڵدا پچڕان.
سەڵاح حەسەن، هاوسەرۆکی فەرمانگەی وزە لە شاری حەسەکە رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لە گەڕەکەکانی شاری حەسەکە، 7 محاویلەی کارەبایی، لەگەڵ چەندین کێبڵ، دزراون.
بەپێی وتەی حەسەن، کاڵا دزراوەکان نزیکەی هەزار ماڵیان لە کارەبا بێبەش کردووە، بڕە دزراوەکە بە نزیکەی 1355 کیلۆگرام مس لە کێبڵەکانەوە خەمڵاندووە، کە بەهاکەی 67هەزار دۆلارە.
لە کاتێکدا ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی حاڵەتەکانی دزیکردن لە ماوەی پچڕانی کارەبا لە شارەکەدا روودەدەن، بەو پێیەی دزەکان سوود لەم ماوەیە وەردەگرن بۆ بڕینی کێبڵەکان.
هێشتا کارەکانی چاککردنەوە و زیادکردنی کێبڵەکان بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی کارەبا بۆ ئەم ماڵانە.
هاوسەرۆکی فەرمانگەی وزە داوای لە دانیشتوانی ناوچەکە کرد هاوکاریان بکەن و موڵک و ماڵی گشتی لە دزی بپارێزن.