تورکیا: داوادەکرێت ئەو سورییانەی هاوڵاتینامەی تورکیایان هەیە لە دەنگدان بێبەش بکرێن

ئیدلیب – نۆرس پرێس

چالاکوانانی توڕە کۆمەڵایەتیەکانی تورکیا لە تویتەر هەڵمەتێکی ئۆنلاینیان دەستپێکرد و تیایدا داوایان کرد رێگری بکرێت لە بەشداریکردن دەنگدانی ئەو سورییانەی هاوڵاتینامەی تورکیایان هەیە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا کە بڕیارە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

لە مانگی شوباتی رابردوودا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیلو رایگەیاند، ژمارەی ئەو سوریانەی کە رەگەزنامەی تورکیایان بەدەستهێناوە گەیشتووەتە 193293 کەس.

ئەو چالاکوانانە داوایان کردووە کە حکومەتی وڵاتەکەیان ڕێگە بەو سوریانە نەدات دەنگ بدەن، ئەمەش لەژێر هاشتاگی:  #SuriyelilerOyKullanmasın (نا بۆ رێگەدان بە دەنگدانی سورییەکان).

لە ساڵانی ڕابردوودا توندوتیژی و دوژمنایەتی بەرامبەر بە پەنابەرانی سووری لە تورکیا زیادیان کردووە و بە دەیان پەنابەری سووری لە ڕووداوی جیاجیادا کوژراون کە هاووڵاتیانی تورکیا دەستیان تیایدا هەبووە، هەروەها هەڵمەتەکانیش داوای دەرکردنی ئەو سوریانە لەو وڵاتە دەکەن.

لایەنگرانی پارت و چالاكوانانی ئۆپۆزسیۆنیش لای خۆیانەوە پشتگیریان لە كەمپینەكەدا كرد، هەروەک گرتە ڤیدیۆییەکیان بڵاوكردەوە، كە بە وتەی خۆیان لە پارتی داد و گەشەپێدانەوەیە، کە میكانیزمی دەنگدان بە زمانی عەرەبی بۆ ئەو كەسانەی زمانی توركی نازانن روونكردوەتەوە.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، ئومیت ئۆزداغ، بەرپرسی پارتی سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا  “Zafer Partisi” سوێندی خوارد کە مین لە سنووری سووریا و تورکیا بچێنێت بۆ ڕێگریکردن لە لێشاوی پەنابەرانی سووری.

ئەمڕۆ دۆسیەی پەنابەرانی سوری لە تورکیا یەکێکە لە دیارترین فایلەکانی ململانێی هەڵبژاردنەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و ئۆپۆزسیۆن و هەر لایەنێک لە هەوڵی وەبەرهێنانی لە بەرژەوەندی خۆیدایە.

پێشتر مەعاز ئیبراهیمئۆغڵو، رۆژنامەنوسی تورک بە نۆرس پرێسی راگەیاندبوو، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ئۆپۆزسیۆن سوریەکان دەکاتە ئامانج.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، حكومه‌تی ئاكه‌په‌ كاتێك ده‌بینێت ده‌نگه‌كانی دژ به‌ سورییه‌كان به‌رزن و له‌ زۆر شوێن دەکرێنە ئامانج، ئەمە هیچ نایانجوڵێنێت، یان کاردانەوەیان نابێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک پەنابەرانی سوریا دەبنە ماددەی هەڵبژاردن، ئاراستەی دەنگدان دەگۆڕێت و من پێموایە “سیاسەتی دژە سوریا کاریگەر دەبێت بۆ دەنگدان”.