بڕیارە لە چەند کاتژمێری داھاتوودا بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی سەردانی رۆژئاڤا بکات
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
رۆژنامەی ” شەرقولئەوسەت” بڵاویکردەوە، چاوەڕواندەکرێت لە چەند کاتژمێری داھاتوودا بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکات بۆ نێوەندگیری لە نێوان ھەسەدە و تورکیا .
رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی دیبلۆماسی رۆژئاواوە گواستییەوە، ئەمریکا بە نیازە بە ناردنی بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەی نێوەندگیری بکات لە نێوان ھەسەدە و تورکیا، پێش ئەوەی تورکیا ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازیەی دەستپێبکات کە بریارە پێش ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە نیوەی ئەمساڵدا لە ناوچە سنورییەکانی تورکیا- سوریا ئەنجامی بدات .
ئەنقەرە داوا لە روسیا و واشنتۆن دەکات پابەندبن بە رێککەوتنی 2019ی تایبەت بە کشانەوەی ھەسەدە بە قوڵای 30 کیلۆمەتر لە سنوری تورکیا -سوریا، بەڵام ھەسەدە جەختدەکاتەوە کە ھێزەکانی ئاسایش ناکشێنێتەوە.
سەرچاوەیەکی دیکەی دیبلۆماسی دەڵێت، ئەنقەرە خۆشحاڵ نییە بە دزەکردنی زانیارییەکانی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری سوریا و تورکیا لە مۆسکۆ لەبارەی رەزامەندی ئەنقەرە بۆ کشانەوەی تەواوەتی لە باکوری سوریا.