سەرچاوەیەکی پزیشکی لە کامپەکانی مەنبیج: داخستنی دەروازەکان دۆخی مرۆیی ناهەموار دەکات

مەنبیج- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، کارگێڕێک لە کامپی نوێی رۆژهەڵاتی مەنبەج رایگەیاند، داخستنی دەروازەی تل کۆچەر دۆخی مرۆیی کامپەکان خراپتر دەکات، ئەمەش بەهۆی نەبوونی بارودۆخی تەندروستی و دەرمان لە کامپەکاندا.

داخستنی دەروازەی تل کۆچەر بەردەوامە و رێگری دەکرێت لە هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان، ئەمەش گوشاری مرۆیی دروستدەکات بۆ سەر ئاوارەکانی ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەر، کە زیاتر لە دوو ساڵە بەرپرسانی خۆسەری داوای کردنەوەی دەروازە داخراوەکە دەکەن.

ئەمەل محەمەد، کارگێڕی کلینیکی کامپی نوێی رۆژهەڵاتی مەنبیج رایگەیاند، دۆخی پزیشکی لە کامپەکان پێویستی بە پاڵپشتییەکی زۆر هەیە لە رووی ژمارەی خاڵە پزیشکییەکان و دەرمان کە لەوپەڕی کەمیدان.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوبەری خۆسەر ناتوانێت هەموو پێداویستییە پزیشکییەکان لە کامپەکاندا دەستەبەر بکات، ئەمەش لەبەر زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی ئاوارەکان، هەروەها پێویستیان بە پشتیوانییە لە تێکچووی دۆخی مرۆیی و نەبوونی لایەنی پزیشکی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا لە ناوچەکەدا.

فشارێکی زۆر لەسەر تاکە دەرمانخانەی کەمپەکە هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوپەڕی کەمیی دەرمان، ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتوانی کامپەکە لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین، بەتایبەت لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستان، نەهامەتییەکانیان چی لەرووی تەندروستی و خۆراکەوە یان لە رووی ئامرازەکانی گەرمکردنەوەوە زیادیانکردووە، بە گوتەی ئەمەل.

ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی تەندروستی کامپەکە “لە ژێر سفرەوەیە”، بەتایبەتی لەم ماوەیەی دواییدا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزا و کۆلێرا و نەخۆشیەکانی دیکە، هەروەها حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییە سەخت و مەترسیدارەکان زۆرن، کە بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە چارەسەرکردنیان سەختە.

کامپەکانی مەنبیج بەدەست نەبوونی پاڵپشتی تەندروستی و خۆراکەوە دەناڵێنن، هەروەها نەبوونی خێوەت و پەناگە، ئەمەش وایکردووە ئاوارەکان روبەڕووی سەرمای توند و نەخۆشی ببنەوە، ئاوارەکانیش گلەیی لە کەمی دەرمان دەکەن.

ئەمەل داوای لە وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، دەروازەی مرۆیی تل کۆچەر بکەنەوە، بۆ دابینکردنی پێداویستییە پێویستەکانی ئاوارەکان، لەوانەش دەرمان و ئەوانی دیکە.

ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەر چەندین کامپ لەخۆدەگرن، کە دەیان هەزار ئاوارەی سوری تێیدا نیشتەجێن، بەگوێرەی چاودێریەکانی نۆرس پرێس لە دۆخێکی سەختی ژیان و تەندروستیدا دەژین.

ئامادەکردنی: فادی ئەلحسێن – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان