سەرۆکوەزیرانی سوێد: تورکیا شتێکی دەوێت کە ئێمە ناتوانین پێیانبدەین
ستۆکهۆڵم – نۆرس پرێس
ئولف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد رایگەیاند، “لەوبارەوە شتێک نەگۆڕاوە، تورکیا پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئێمە ئەو کارەمان کردووە کە گوتمان دەیکەین، بەڵام تورکیاش دەڵێت ئەوشتانەی دەوێت کە ئێمە ناتوانین بیانکەین و ناتوانین بەدەستیانەوە بدەین، ئێستا بڕیار لای تورکیایە.”
تورکیا داوای رادەستکردنەوەی 33 کەس لە سوێد و فینلاند دەکات کە بەمشێوەیە: شەش ئەندامی سەر بە پەکەکە و شەشی سەر بە بزووتنەوەی گولەن لە فینلاند، هەروەها رادەستکردنەوەی 11 ئەندامی پەکەکە و 10 کەسی سەر بە بزووتنەوەی گولەنی لەلایەن سوێدەوە.
تورکیا سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت فینلاند و سوێد هەنگاوی “یەکلاییکەرەوە” بنێن و هەرچی ئەوەی ئەنقەرە بە تیرۆرستی دەناسێنێت، رادەستیان بکەنەوە.
هەرچەند دوو وڵاتەکەی ئەسکاندەناڤیا جێبەجێکردنی ئەو داواکارییە بە قورس دەزانن، بەڵام لەپاڵ تورکیا، هەنگاریاش بووەتە رێگر لەبەردەم بەئەندامبوونی دوو وڵاتەکە.
یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ دەڵێت، “گەرەنتیی ئەوە ناکەم رێک چ رۆژێک، چونکە بێگومان لە کۆتاییدا ئەمە بڕیاری سەربەخۆیانەی پەرلەمانی تورکیا و هەنگاریایە، چونکە ئەم دوو وڵاتە پەسندیان نەکردووە. بەڵام هیواخوازم و بەردەوامیش دەبم تاوەکو دوو پەرلەمانەکە [بەئەندامبوونیان] تێپەڕێنن.”
تا ئێستا سوێد تەنیا یەک کەسی رادەستی تورکیا کردووەتەوە، کە ئەویش حکومەتی وڵاتەکە بێئاگایی لەو رادەستکردنەوەیە نیشانداوە و دەڵێت، “هەر کەسێک لە وڵاتەکەی دەستی لە کردەوەی تیرۆرستی نەبێت، رادەستی تورکیا ناکرێتەوە.”